نیشتنەوە لە سەر دیوە تاریکەکەی مانگ

Kurd24

رووداوێکی شۆکهێنەرە.. کات کۆتا ھەفتەکانی ساڵی (1990)ەو نامەیەک هاوشێوەی بوومەلەرزە و سونامی عەرشی سەرکردە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چینی دەهەژێنێت. شڵەژانێک دەخوڵقێنێت کە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە وەک ئەوەی باوەڕ بە چاوی خۆیان نەکەن، چەندین جار نامەکە بە دەستلەرزینەوە دەخوێننەوە. ئاخر حزبی شیوعی دەسەڵاتداری وڵات ناردوویەتی و داواکارییەکی ئاڵۆز و ناڕوون و قورسی لە خۆ گرتووە. کۆمپانیایەک کە کولتوور و بیرکردنەوە و ستافی  100% چینییە و لە دید و تێڕوانیندا قەتیسماو و دەورەدراوە بە سنووری وڵات، فەرمانی پێکراوە کە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا خۆی ئامادە بکات بۆ بە جیهانیبوون و کارکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات. هەر ئەوەندە نا، بەڵکو فەرمان دراوە کە کۆمپانیا چینییەکە پشکەکانی خۆی لە بۆرسەی نیۆیۆرکی ئەمەریکای نەیاردا هەڕاج بکات.

بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە وەرگرتنی وەها بڕیارێك تا بڵێی قورس و پێشبینی نەکراو بوو، بەڵام لە چینیی کۆمۆنیستیدا رەتکردنەوەی فەرمانی مەکتەبی سیاسیی حزب کارێکی ئاسان نییە و سزاکانی سەخت و دڵڕەقانەن.

بڵێی ئەو بیرتیژە کێ بێت و بە کام پێوەر ئەو هەموو هاوکێشە ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلەتیکەی پێکەوە گرێدابێ و هەڵسەنگاندنی بۆ سەدان فاکتەری دژبەیەک کردبێ و زاتی کردبێت ئەو بڕیارە قورسە بە مەکتەبی سیاسی بدات؟ ئاخۆ عەقڵی پشت بڕیاری پەڕینەوە لە دیواری چینی مەزن و بڕینی ئەو کیشوەر و ئۆقیانووسانە کێ بێت کە پەكینی گەیاندە نیویۆرکی بازاڕی گەرمی بۆرسە و پارە؟

دوای تەنها 10 ساڵ لەو نامە مێژووییە سەرنجڕاکێشە، بەھۆی نمایشکردنی پشکەکان و کرانەوەی ماوییەکان بەڕووی جیهان، بەھای ئەو کۆمپانیا نیشتیمانییەی چین کە خۆی لە قەرەی کۆمپانیایەکی لۆکاڵیی رۆژهەڵاتی ئەوڕوپاش نەدەدا، 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. واتا بە نرختر لە کۆمپانیای شێڵی ھۆڵەندی کە 100 ساڵ بەر لە کۆمپانیا چینیەکە دامەزراوە.

لە دانیشتنی نێوان سەرۆک و پاشای وڵاتاندا، پرسیارێکی باو ھەیە کە زۆرجار لە یەکدی دەکەن: چ شتێک شەوانە خەو لە چاوت دەزڕێنێ؟

بۆ سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا رەنگە ترس لە بڕیارێکی کتوپڕی ھێرشی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و رووسیای ئێستا خەو لە چاوانیان بدزێت، چونکە ناچارن هەمیشە لە ئامادەباشیدا بن بۆ بەکارھێنانی کۆدی سندوقە رەشەکەیان کە ناتوانن ھیچ کات لە خۆیانی دوور بخەنەوە.  بەڵام بۆ سەرۆک و پاشای وڵاتە دیکتاتۆرییەکان بە گشتی،  ترس لە کودێتا و کوشتن و راپێچکردنی خۆیان و خێزانەکانیان بۆ زیندان و ئاییندەیەکی نادیار، دێوەزمەی شەویانە و خەویان لێ دەزڕێنێت. کەچی کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (بوش) ئەو پرسیارەی لە ھاوتا چینیەکەی (ھو گینتاو) کرد، ئەو بە بێ دوو دڵی گوتی: دۆزینەوەی ھەلی کاری نوێ، ساڵانە بۆ 25 ملیۆن چینی کە لە دێھاتەکانەوە کۆچ دەکەن بۆ شار، هەمیشە خەوم دەزڕێنێ. چونکە بەدینەهێنانی ئەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە چین دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

چین رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی زەبەلاح بۆتەوە، زەبەلاح بە پێوەری فەلەکی. دابینکردنی خۆراک و بژێوی ژیان بۆ ملیارێک و نیو لە مرۆڤ، ئەگەر بە پلانێکی سیحراوی و گەمەیەکی ھاوشێوەی چیرۆکی بۆرسەکەی نیۆیۆرک نەبێت، ھیچ حکومەتێک لە سەر گۆی زەوی بەرگەی شەپۆلی تووڕەیی ئاپۆڕای ملیار کەسی چینی ناگرێت لە بیجینگ.

کەس بە وردی نازانێ پلانی نوخبەی هۆشمەندان و داناکانی چین چیە؟ بەڵام  روونە کە ئەوان باش دەزانن و دیدگایان وایە کە ئەو ھەموو خۆراک و ھەلی کار و گەشە ئابوورییە پێویستە، لە ناو سنوورەکانی چین دەستەبەر ناکرێت.

بە وردبوونەوە لە پلان و پیلانەکانی چین ھەست دەکەی کە نغرۆکردنی وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بە قەرزی کاش، یان لە رێگەی ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیجی، بە دەستی کار و کەرەستە و ئامێر و کەلوپەلی چینی و خستنەگەڕی سەدان ملیار دۆلار بۆ سەدان پرۆژەی سەیر و سەمەرە کە هەموو جیهانی سەرسام کردووە، کەمێک لەو گەمەیە تێدەگەین. پرۆژەی کۆمپانیا چینیەکان بریتین لە دروستکردنی بەندەر و بەنداوی زەبەلاح، تۆڕی گەیاندنی بە تەل و بێتەل، ژێرخانی ئای تی و پرۆژەی سەرسوڕهێنەری نێتوۆرک و داتا سەنتەر و سێرڤەری خەیاڵی، پرۆژەی شاری پێترۆکیمیایی هاوچەرخ لە وڵات و کیشوەری جیاجیا. سەرەڕای ئەو پرۆژە ئەفسووناوی و خەیاڵیانەی لە خەونی هەندێک لە سەرکردە بیرتیژەکانی چیندا هەن، دروستکردنی پشتوێنەی پەیوەندی و ڕێگاوبانی خێرا کە چین بەرەو جەمسەرەکانی باکوور و باشوور پەلکێش دەکات، هەموو جیهانی سەرسام کردووە.

کاتێک کۆمپانیایەکی چینی لە جیهاندا دەچێتە پێشبڕکێی وەرگرتنی پرۆژەیەک، ئامادەیە بە هەر نرخێک بێت پرۆژەکە بباتەوە. ڕەنگە نرخەکانی لە پرۆسەی تەندەرینگدا هێندە کەم نووسیبن کە ئەستەم بێت قازانج بکات، بەڵام بە پاڵپشتیی حکومەتی چینی ئەم کارە دەکەن و دەوڵەت ناهێڵێت کۆمپانیاکە چۆک دابدا و تووشی زیان بێت. جگە لەوەی لە ڕێگەی ناردنی پارچەی یەدەگ بۆ پرۆژەکە لە داهاتوودا، زیانەکان قەرەبوو دەکاتەوە و وڵاتەکە نوقم دەکات لە کەرەستە و دەستی کاری چینی. بە گشتی ئەو پرۆژانەی چین دروستی دەکەن بە دەستی کاری خۆیان و کەلوپەلی یەدەگی خۆیان نەبێت، پەکیاندەکەوێت. ئەم مۆدێلی بزنسە لە وڵاتانی دیکە تەواو جیاوازە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە سەرتاسەری جیهاندا تەنها و تەنها بە سەرمایە و هێز و توانای خۆیان دێنە مەیدان نەک پارە و کاشی حکومەتەکانیان، بۆیە ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ چینییەکاندا بکەن.

لەوە ناچێت مەبەستی چین، بە تەنها کوشتنی دوو چۆلەکە بێت بە بەردێک، بەڵکو چاوی بڕیوەتە دەستەمۆکردنی تەواوی ڕەوەچۆلەکەکان. چین دەیەوێت بەدەر لە پەیداکردنی خۆراک و کار بۆ سەدان ملیۆن چینی، لوولەی هەناسەی وڵاتانی دنیاش کۆنترۆڵ بکات. نغرۆکردنی وڵاتان لە قەرزی کاش و قەرزی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان، سەرباری بە زۆر هێنانی وڵاتان بۆ ژێر رکێف و هەژموونی بیجینگ و چەسپاندنی مۆدێلی چینی لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا، ئامانجی دوورمەودای چینە.

هیچ بوارێک نەماوە کە تیایدا چین لە سەرتاسەری دنیادا تەنگی بە ئەمەریکا هەڵنەچنیبێ. ملیۆنان چینی بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەشی زۆری زانکۆ و سەنتەرە هەستیارەکانی دنیا لێوانلێون لە قوتابی و توێژەری چینی، بێگومان بە زەبری پارە و سەرمایەی حکومەتی بیجینگ. دەزگا دژەسیخوڕییە ئەوروپی و ئەمریکی و جیهانییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە چین خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ئێجگار فراوان و ئاڵۆز و هەمەلایەن و مەترسیدارە، کە سەرجەم زانیاری تەکنیکی و تەکنەلۆجیی  وڵاتان لە رێگەی مەشق و فێربوونی توێژەرانیان یان لە رێگەی دزینی زانستیدا دەگوازرێنەوە بۆ چین. بە پێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری Nature، لە ساڵی 2018دا، چین لە زۆریی ژمارەی توێژینەوە زانستییەکان لە گۆڤارە جیهانییەکاندا، لە پێش ئەمەریکاوە دێت. چین 426 هەزار توێژینەوەی بەرهەمهێناوە، لە بەرامبەردا 409 هەزار توێژینەوەی ئەمەریکی. بە پێی ئامارەکانی هەمان توێژینەوە، بۆ دەزگایەکی چاپی جیهانی وەک Elsevier بۆ هەر 100 توێژینەوەی بڵاوکراوە، پتر لە 18٪ سەرچاوەکەی چینە. ئاخۆ چ ئاییندەیەک چاوەڕێی چین دەکا؟! لەشکرێکی لە بن نەهاتوو لە سامانی مرۆیی جۆشدراو بە نوێترین زانیاری و تەکنەلۆجیا، بزێو و گەڕۆك بە سەرجەم کونج و کەلەبەرەکانی گۆی زەوی.  ئابووری چین کە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، بەر لە 30 ساڵ تەنها 4%ی ئابووریی جیهانی پێکدەهێنا، کەچی لە ئێستادا چین 20%ی ئابووریی جیهانی داگیرکردووە.

کارکردن لە ژێر تارمایی و سێبەر....

دوای کارەساتی کۆڕۆنا، جیهان لە خەوێکی قووڵ ڕاچڵەکی و تێگەیی کە چینییەکان بەردەوامن لە کارکردن لە تاریکیدا. تا ئێستا کەس نازانێ بە روونی کۆرۆنا بەرهەمی تاقیگەکانە، پەیامێکی ئەنقەست و مەبەستدارە یان نەخۆشییەکی سرووشتی؟! پێدەچێت خاڵی بەهێزی ستراتیجیەتی چین ئەوە بێت کە کەس لەو کەین و بەینە  تێنەگا. لە کاتێکدا کە جیهان لە ترسی زەبری کوشندەی کۆڤید 19دا سیاسەتکردنی بیرچووەتەوە، چینییەکان لە سایە و سێبەری کۆرۆنادا خەریکی قووتدانەوەی هۆنکۆگن و پلان بۆ لووشکردنی تایوان و بەشێك لە زنجیرە چیاکانی هیمالایاش دادەڕێژن. سەرەڕای فرۆشتنی دەمامك و کەرەستەی پزیشکی بە بڕی ملیارەها دۆلار!. لە لایەکی دیکە بەرپرسی دەزگای پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان لە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری داوەتە وڵاتە ئەوروپییەکان لەوەی کە کۆمپانیا چینییەکان دۆخی کۆرۆنایان قۆستووەتەوە و بە پاڵپشتیی وڵاتەکەیان خەریکن بەشێکی  زۆر لە پشکەکانی بازاڕی بۆرسەکان لە ئەوروپا دەکڕنەوە. جگە لەوەی بەشی هەرە زۆری ئەو کۆمپانیا ئەوروپیانەی بە هۆی دۆخی کۆرۆناوە لاواز بوون، لە لایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە تەنگیان پێ هەڵچنراوە و داوایان لێ دەکرێت کۆمپانیاکە بە چینییەکان بفرۆشن.

چین دیاردەیەکی نوێی ئاڵۆزتر لە سێگۆشەی بەرمودا، ئاراستەی کەشتییەکەی هەمیشە بە پێچەوانەی شەپۆلەکانە، قیبلەنماکەشی لە جیاتی باکوور، باشوور نیشان دەدات. لەو کاتەی هەموو جیهان بە هەناسەسواری و دڵەکوتێوە گوێیان بۆ بیستنی هەواڵی مەرگی سەرۆکی کۆریای باکوور هەڵخستبوو، کە چەند هەفتەیەک بوو لە راداری هەمووان ون ببوو، چین پۆلێك لە پزیشکە هەرە بلیمەتەکانی خۆی دەنێرێت بۆ ئەوەی ئەو دێوەزمە ترسناك و سەیر و سەمەرەیەی پیۆنگ یانگ لە ژیان بەردەوام بێت و بەشێك بێت لە هاوکێشەی سیاسیی جیهانی.

تەنیاترین مرۆڤ لە گەردووندا...

ساڵی 1969، ناسا کەشتیی Apollo 11 ی ناردە سەر مانگ، 3 کەشتیوانی تێدابوو، نێیل ئارمسترۆنگ، بەز ئاڵدرین، لەگەڵ میکایل کۆلینز. کاتێک ئەپۆلۆ لە مانگ نزیک بووەوە، بە ڕۆکێتێکی جیاواز، ئارمسترۆنگ و ئالدرین لە کەشتیی دایک جیابوونەوە و لە سەر مانگ نیشتنەوە، بەڵام دەبوایە مایکڵ کۆلینز لە ناو کەشتییە سەرەکییەکە بمێنێتەوە و بە دەوری مانگدا بسووڕێتەوە تا دوو هاوڕێکەی کارە زانستییەکانیان تەواو دەکەن و ئاڵای ئەمەریکا لەسەر مانگ دەچەقێنن و بەو رۆکێتە لە سەر مانگ بفڕن و دووبارە لەگەڵ کەشتیی دایک یەکبگرنەوە و بەرەو زەوی بگەڕێنەوە. کەچی چونکە مایکڵ کۆلینز قاچی لە سەر خاکی مانگ دانەنا، کەمتر ناوبانگی دەرکرد لە جیهاندا. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە کاتێک مایکل کۆلینز بە دەوری مانگدا دەخوولایەوە، بۆ ماوەیەک کەشتییەکەی کەوتە دیوە تاریکەی مانگ و بۆ ماوەیەکی کورتیش پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی کە لەسەر مانگ خەریکی لێکۆڵینەوەبوون و تەنانەت لەگەڵ ناساشدا پچڕا، مایکڵ بەتەنها لەو گەردوونە تاریکەدا دەخوولایەوە و نوقمی هەستێکی تەنهایی ئەوتۆ ببوو کە وەسفکردنی ئەستەم بێت. ئەوکات لێکۆڵەرەوەکان مایکڵیان وەك تەنهاترین مرۆڤی جیهان و گەردوون پێناسە کرد. دوای گەڕانەوەی Apollo 11 بۆ سەر زەوی، باسی دیوە تاریکەکەی مانگ بە چڕی بوو بە بابەتی لێکۆڵینەوە و تێڕامانی زانایان. لە هەنگاوێکی دژەباو و پێچەوانەی تەوژمدا، چینی مەزن لە سەرەتای ساڵی 2019 و 50 ساڵ دوای گەشتەکەی ئەپۆلۆ، بە کەشتییەکی ئاسمانیی بێ کەشتیوان لە سەر دیوە تاریکەکەی مانگدا نیشتەوە، ئەو دیوەی مرۆڤایەتی قەت لە سەر زەوییەوە نەیبینیوە و نایبینێت. جگە لە چەقاندنی ئاڵای چین وەك سیمبۆلی رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، کەشتییەکە خەریکی چەندین تاقیکردنەوەی زانستیی سەرسوڕهێنەرە کە یەکێکیان لێکۆڵینەوەیە لە هەلومەرجی گەشەی رووەک و خۆراك. هەموو ئەو کارانە بە بێ بوونی مرۆڤ و لە رێگەی تەکنەلۆجیا و ڕۆبۆتی زیرەکەوە ئەنجام دەدرێن، لە کوێش؟ لە سەر دیوە تاریك و دوورەدەستەکەی مانگ کە هیچ وڵاتێك بەخەیاڵیدا نایەت گەشتی بۆ بکات و هەمان ئەوشوێنەیە کە مایکڵ کۆلینز لێی تۆقیبوو!. لەوەشدا چین وەک هەنگاوەکانی دیکەی، جیاوازانە بەرنامەی شاراوەی خۆی لە سەرزەوی بردە سەرمانگ.

پێدەچێت چین بیەوێت لەسەر مانگ و لەسەر زەویش، لە تارمایی  و لە دیوە تاریکەکاندا بە شێنەیی کاری خۆی بکات. ماوەیەکە ئەمەریکا بەهۆی بەرنامەکانی چین بە رادەیەک شپرزە بووە کە لە سەرەتای ساڵی 2020 هێزی بۆشایی ئاسمانی پێکهێنا و رایگەیاند ئامادەن بۆ جەنگی بۆشایی ئاسمان!

مرۆڤایەتی چاوەڕێی وەڵامە.. هەڵکشانی چین لە تارمایی، دەبێتە فریادەڕەس، یان دێوەزمەی زەمان؟!

 

پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی زمانەوانی: ئەندازیار ماهیر ئەمین

 

سەرچاوەکان:

Yergin, Daniel. The Quest: Energy, Security and the Remaking of the Modern World. New York: Penguin Books, 2012.

Tollefson, Jeff. China declared world’s largest producer of scientific articles. https://www.nature.com/articles/d41586-018-00927-4. 2008

Maloney, D. C., The Loneliest Man in the Universe. https://medium.com/the-junction/the-loneliest-man-in-the-universe-48735c10e995

Pruitt, Sarah. China makes a historic landing on the dark side of the moon. 2019. https://www.history.com/news/china-plans-historic-landing-on-dark-side-of-the-moon

Nature (https://www.nature.com/articles/d41586-018-00927-4?utm_content=bufferd2bea&utm_medium=social&utm_source=twitter.com&utm_campaign=buffer)

China declared world’s largest producer of scientific articles

Report shows increasing international competition, but suggests that United States remains a scientific powerhouse.