زانیاری نوێ له‌سه‌ر كوژرانی خاشقچی ئاشكرا ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی توركیا دووپاتیكرده‌وه، "ئێستا تۆمارێكی ده‌نگی له‌ده‌ست پۆلیسی توركیایه، كه كوژرانی جه‌مال خاشقچی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی سعوودیی له‌ناو كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ پشتڕاست ده‌كاته‌وه".
وه‌ك رۆیته‌رز ئاماژه‌یپێدا، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه نه‌یویست ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته ئاشكرا بكات.
چاوه‌ڕێش ده‌كرێت، ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی ریاز، كونسۆڵخانه‌ی سعوودییه له ئیسته‌نبوڵ له‌لایه‌ن ئه‌و تیمه توركی - سعوودییه هاوبه‌شه‌وه بپشكنرێت، كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی خاشقچی پێكهێندراوه.
پێشتریش رۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مه‌ریكی له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكی و توركی گواستییه‌وه، توركیا به لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی راگه‌یاندووه، تۆمارێكی ده‌نگی و گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیایه، كه ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، دوای لێكۆڵینه‌وه‌كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خاشقچی، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه سعوودیه له‌ناو باره‌گای كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ كوژراوه.
H.B