سەرۆک بارزانی: كار بۆ درووستبوونی ئه‌نجوومه‌نی ئیتیحادی ده‌كه‌ین و رێگه‌ له‌ تاكڕه‌وی ده‌گرین له‌ عێراق

خه‌ڵك ئه‌وانه‌ی سزادا كه‌ كرده‌وه‌ی نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆک مه‌سعود بارزانی، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ كادیرانی  دەزگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆیەکی چڕداین بۆ ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی، بۆ ئەوەی عێراق بەتەواوی لە تاکڕەوی دوور بکەوێتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرین تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی ئیتیحادی دروست دەبێت.

سه‌رۆك بارزانی، له‌و دیداره‌دا، دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌، پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان پێكەوە لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کوردیش تێیدا بەشدار بێت و چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، دیدارەکە ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 15ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2018 به‌ڕێوه‌چووه‌ و تێیدا سه‌رۆك بارزانی ڕۆشنایی خستووه‌ته‌ سه‌ر بڕیاری گەلی كوردستان لە ریفراندۆم و هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لەدژی گەلی كوردستان شی كردەوە.

له‌باره‌ی ره‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقیش، سه‌رۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، سەرباری بوونی گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات.

سەرۆك بارزانی روونیشی كرده‌وه‌، هاووڵاتیانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرده‌وه‌ی نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا بوو.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی کرد و رایگەیاند، ئێمە سێ بنەمامان داناوە و پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت و بۆ ڕێگەرتن لەوەش پێویستە حکوومەت لەسەر سێ بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، تەوافق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکرێت و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا لەگفتوگۆیەکی جیدیشداین کە پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە پێكەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کورد تێیدا بەشدار بێت بۆ ئەوەی  چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

سەرۆک بارزانی، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی كوردستانیش رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شانازییەوە دەچێتە ناو ئەو هەڵبژاردنە و داوای لە کادیرانی پارتی کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن، پێویستە بە زمانێکی بەرز بانگەشەی خۆیان بکەن و خۆیان لە تەشهیر و بەڵێنی گەورەی بێ کردەوە دوور بگرن. باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن و دەست بخەنە سەر کەموکوڕییەکانیش و جەختیشی كردەوە پشتیوان بە گەلەکەمان پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی بکات.

ئ. م