داگیركارییەكانی حەشد و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانيیەكان درێژەیان ھەیە

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەستیان بەسەر كێڵگەی نەوتی پەڵكانەدا گرتووە
kurdistan24.net

K24 - گه‌رمیان:

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاشكرای دەكات, ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق كە لە چەند ھەفتەی رابردوو ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەكانی پەڵكانە ئەنجامدا ئێستا دەستیان بەسەر كێڵگەی نەوتی پەلكانەدا گرتووە, كە دەكەوێتە نێوان شاری كفری و خورماتوو.

داگیركارییەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان درێژەیە ھەیە و لە ھەوڵێكی دیكەیاندا بە گوتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئەم ھێزانە دەستیان گرتووە بەسەر كێڵگەی نەوتی پەڵكانەدا, كە دەكەوێتە نێوان كفری و خورماتوو, لەكاتێكدا ئەم كێڵگە نەوتییەی دەستی بەسەردا گیراوە ناوچەیەكی كوردستانییە.

ئەگەر چی لە رۆژانی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیيان بۆ ناوچەی پەڵكانە و غەررە ئەنجامدا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی داعش، بەڵام بە گوێرەی ئەم رێككەوتنە بێت كە حەشدی و شەعبی و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنەكەیان بۆ ئەم ناوچەیە ئەنجامدا بە چاودێری ھێزی ھاوپەیمانان دەبێت دوای ئۆپەراسیۆنەكە بكشێنەوە، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێ ھێزەكە كشاونەتەوە و ئەگەر بیانەوێت لەو ناوچەیەدا جێگربن ئەوا رێگەیان پێنادەین.

لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھەڵمەتێكی فراوانی تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكانیان دەستپێكردووە و لەوانە جارێكی دیكە گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبە ھاوردانەی لەسەردەمی سەدام ھێندرابوونە ناوچەكە و دوای ساڵی 2003 شوێنەكانیان جێھێشتبوو و قەرەبوو كرابوونەوە و ئێستا لەسەر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی دێنەوە ناوچەكە و زەوی و موڵكی ھاووڵاتییانی كورد داگیرده‌كه‌ن.