"جنۆکە بینێک" مەیموون دەکاتە جنۆکە

"بۆ ئەوانەی دەیانگووت ئەمە چییە، ئەمە جنۆکەیەکە"

K24 – هه‌ولێر:

پیاوێکی تورک کە خۆی وەک شارەزای بواری بایۆئینێرجی دەناسێنێت، دەڵێت کە دەتوانێت جنۆکە ببینێت و ڤیدیۆی "جنۆکەیەک" بڵاودەکاتەوە.

سالح مێمیشئۆغلۆ، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستگرام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی: "ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن یەکێک لە دواکەوتووانم گیراوە. بۆ ئەوانەی کە دەیانگووت ئەمە چییە، ئەمە جنۆکەیەکە بەو ناوەدا پیاسە دەکات".

ئەگەرچی کوالیتی ڤیدیۆکە کەم بوو، بەڵام دەنگدانەوەی زۆری لە تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زوو زانیویانە کە ئەو زیندەوەرەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، مەیموونە نەک جنۆکە، ئەمەش وایکرد ئەو "جنۆکە بینە" ڤیدیۆکە بسڕێتەوە.

جنۆکە (جن)، لە پێش هاتنی ئیسلام و لە دوای ئیسلام، لەناو وڵاتە عەرەبییەکان بە زیندەوەرێکی نەبینراو پێناسەکراوە کە هەیانە زیان بەخشە و هەشیانە بێ زیانە.

H.J