"عەلی باپیر بۆ كورسی خیانەتی لە بەیعەت و رابەر و هاوەڵەكانی كرد"

"ئەگەر نكۆڵی دەكات با سكاڵام لەسەر تۆمار بكات"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، نامەیەكی نھێنی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بڵاودەكاتەوە كە داوای پارەی لە یەكێتی كردووە، ھەروەھا عەلی باپیر، بە ھەڵگیرسێنەری شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت.

ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە وتارێكدا كە وێنەیەك دەست كوردستان24 كەوتووە، چەند بابەتێك لەسەر عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەخاتەروو رایدەگەیەنێت: "یەكەم كێشەی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان عەلی باپیر، دروستیكرد و هەمووان دەزانن كە عەلی باپیر، نامەی نووسی بۆ مام جەلال و دەستەواژەی (السلام علی من التبع الهدی!) بۆ نووسی و دواتر بووە هۆی گرژی و ئاڵۆزی و دوای ئەوەش شەڕی نەخوازراوی نێوان ئێمەو یەكێـتی روویداو، لە دوای 1993 و لە كاتی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەو یەكێتی، ناوبراو هەوڵی خۆنزیكردنەوەی لە یەكێتی داو بۆ ئەوەی خۆی لێیان نزیك بكاتەوە بە جیا لە بزووتنەوە، وە گەیشتە ئەوەی رێكەوتنامەیەكی نهێنی لەگەڵیان ببەستێ و یەكێتـی هاوكاری ماددی بكات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەناو بزووتنەوە بەھێز بكات و دژایەتی مامۆستا مێزەر سپیەكان بكات و ئەویش ئەو ئامادەیە بە هەموو شێوەیەك هاوكاری ئەوان ببێت لە داهاتوودا دوای لاوازبوونی بزووتنەوەو رابەرو سەركردایەتیەكەی و ئەم نامەیەش كە دەستنووسی كاك عەلی باپیر، خۆیەتی ئەو راستیەی ئێمە دەسەلمێنێت كە چۆن هەمیشە بۆ مەرامی كورسی خیانەتی لە بەیعەت و رابەرو هاوەڵەكانی خۆی كردووە!".

ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز، دەستنووسی نامەكەی عەلی باپیر بڵاودەكاتەوە و كە كاتی خۆی بۆ یەكێتی ناردووە و داوای پارەی كردووە و دەڵێت: "ئەمە نامەیەكی عەلی باپیرە كە لە بەرواری ‎27/8/1995 ناردویەتی بە (محمد رەزا)دا كە ئەو كات بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو وە كەسێكی نزیكی عەلی باپیر بوو، وە بە ناوبراودا نامە نهێنیەكەی ناردوە بۆ یەكێـتی و ئەوەی كە گرنگە خاڵی سێیەمە كە تێیدا گلەییان لێدەكات كە گوایە بیستویەتی یەكێـتی پارەی داوە بە شێخ محەمەد بەرزنجی و مەبلەغەكەش (10 یا 30) هەزار دۆلارە و بەشێوەی "كاش" پارەكە دراوە. لە نامەكەدا عەلی باپیر دڵگران بووەو نوسیویەتی" ئەمە لە دەرەوەی ئەو رێكەوتنامە(اتفاق)ەیە كە هەیەتی لەگەڵ یەكێـتی و ئەویش كە دەبێت هەموو یارمەتیەكی ماددی بەو بدرێت و لەرێگەی ئەوەوە بێت بۆ بەهێزكردن و گەیشتنی بە ئامانجەكەی".

دەقی نامەكەی عەلی باپیر كە ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز بڵاویكردووەتەوە
دەقی نامەكەی عەلی باپیر كە ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز بڵاویكردووەتەوە

لە بەشێكی وتارەكە لەسەر عەلی باپیر نوسیوویەتی: "حیزبی بەعس تەنها لایەنێك نەبوو كە عەلی باپیر هەوڵی دابێـت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەناو بزووتنەوەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پۆستی ئەمیرایەتی و كورسی و وەشاندنی خەنجەری ژەهراوی لە هەناوی رابوونی ئیسلامی كوردستان و شكاندنی بەیعەت و هەیبەتی ئیسلامی لە كوردستان و خیانەت كردن لە رابەرو سەردایەتی و ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی!".

دەشڵێت: "ئەگەر عەلی باپیر نكوڵی لەو نامەیە دەكات كە خەتی خۆیەتی، من خۆشحاڵم بەوەی شكاتم لێبكات لە هەر دادگایەك كە خۆی دەیەوێت، من ئامادەم نوسخە ئەسڵیەكەی ئەو نامەیەی بخەمەڕوو".

ھ.م