ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى: حه‌شد و سوپا به‌ به‌رنامه‌يه‌كى پێشوه‌خته‌ په‌لامارى كوردستانيان دا

ھەوڵ و گوتارەکانی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان كۆبووه‌وه‌ و له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، هاتووه‌: "ھەوڵ و گوتارەکانی بەشێکی زۆر لە دەسەڵات بەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق کە ئیدعای جێبەجێکردنی دەکەن، ھەروەکو چۆن لە رابردوو چەندین مادەی دەستوریی پێشێل کرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیکەیان پێشێلکردووە".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌ رووداوى 16ى ئۆكتۆبه‌ر كراوه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ ناو "حزبێكى كوردستانى"  رێککەوتنی ژێربەژێریان له‌گه‌ڵ حه‌شد و سوپاى عێراق كردبوو، له‌و باره‌يه‌وه‌ هاتووه‌: "ئەوەی کە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست ھاتبوو بەچەند سەعاتێک خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، ھەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەکو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەرکەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەرکەوتوو نابێت".

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و ھەڤاڵان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و یەدەک و بەرپرسی لق و مەکتەبەکان کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەنجام درا. سەرەتا یادی کۆچی دوایی ھەڤاڵ مامۆستا عەلی عەبدولڵا، جێگری پێشووی سەرۆک و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتیمان کرایەوە. ھەروەھا سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی ھەڤاڵی شەھید وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی حه‌ڤدەی پارتیمان و سەرجەم شەھیدانی ئەمدواییەی بەرگریکردن و، ئەم بابەتانەی خوارەوەی خستە بەرباس و گفتوگۆکردن: 

یەکەم: ھێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە شەوی 15/16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەھۆی خیانەت و دەستکێشی و رێککەوتنی ژێربەژێری چەند کەسێک لەناو حزبێکی کوردستانی، ھەروەکو لە بەیانەکانی بەرپرسانی ئەو حزبە بەراشکاوی ئاماژەیان پێ کردوە، کە بووە ھۆی کارەسات بۆ شاری کەرکوک و چەندین ناوچەی دیکەو تا ئاوارەبوونی دەیان ھەزار خێزانی کوردو عەرەب و تورکمان, ھەروەھا شەھیدو برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل بەتایبەتی لە شاری دوزخورماتوو، خانەقین، کەرکوک و دەوروبەریان.. ئەوەی کە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست ھاتبوو بەچەند سەعاتێک خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، ھەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەکو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەرکەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەرکەوتوو نابێت.

ئەم ھەرزەرەفتارانە کە بە پشتیوانیی چەند لایەنێکی دەرەکی ئەنجام درا، بووە ھۆی سەرەتایەک بۆ ئەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپا ھێرش بکەنە سەر شوێن و شاری دیکەی کوردستان و دانیشتوانیان ئاوارە بکەن بەتایبەتی و، گوشار بخەنە سەر ھەرێم لە ھەموو روویەکەوە بەگشتی.

ئەو پیلان و ھێرشانە، لەوە ناچێت لەرەنگدانەوەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بووبن، بەڵکو بە بەرنامەیەکی پێشوەختەی ئامادەکراو دەچێت کە لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئازادکردنی حەویجە دەستی پێکرد.

دووەم: ھەوڵ و گوتارەکانی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق کە ئیدعای جێبەجێکردنی دەکەن، ھەروەکو چۆن لە رابردوو چەندین مادەی دەستوریی پێشێل کرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیکەیان پێشێلکردووە. 

پێشتریش رامانگەیاندووە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەفسیرکردنی مادەکانی بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی و بەکارھێنانی ئینتیقائیانەی مادەکانی دیکە و، بەکارھێنانی ھێز لەبەرامبەر ململانێ و رای جیاواز و پشتگوێخستنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەریی کێشەکان عێراق تووشی کێشەو گرفتی گەورە دەکات. ئەم عەقلیەت و بیرکردنەوانە لە رابردوو زۆر زیانی بەھەموو خەڵکی عێراق بەکوردو عەرەب و تورکمان و نەتەوەکانی دیکە گەیاندووەو بووەتە ھۆی دواکەوتن لەرووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و، لە ئاکامیشدا عێراق بەردەوام لە شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی و دەرەکیدا سەرقاڵ بووە.

ئەم شێوازە بیرکردنەوانە یارمەتیدەر نابێت لە زەمینەسازیی بۆ دروستکردنی کەشوھەوایەکی لەبار بۆ یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی سەردەمیانەی نەتەوە و ئاین و مەزھەبەکان و، بەمەش زیانمەندی یەکەم، ھەموو خەڵکی عێراقە و، سوودمەندەکانیش ئەوانە دەبن کە نایانەوێ لە عێراقدا سەقامگیریی ھەبێت. کۆبوونەوە، جێبەجێکردنی دەستوور و حوکمڕانیی بە تەوافوق و ھاوسەنگ دووپات دەکاتەوەو بە چارەسەری کێشەکانی دەبینێ.

سێیەم: سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان و پەیوەندیی نیوان لایەنە سیاسیەکان، کۆبوونەوە ھەڵسەنگاندنێکی واقعبینانەی بۆ بارودۆخی ئەم قۆناغەی کوردستان کرد و بەھەستیاری لە قەڵەم دا, بەپێویستیشی زانی تەواوی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە ئاستی ئەم قۆناغە ھەستیارەدابن و، کێشەو گرفتەکان بەلاوە بنێن و پێکەوە بەھەست بە مەسئوولیەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی ھەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین و، بە ھەموولایەک نەھێڵین گرفت و کێشەکانی سەرشانی خەڵکی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانەوە قورستربێت و، دەریچەی دەربازبوون و سووککردنی گرفتەکان بەرفراوان بکەین و قۆناغەکەش دەرباز بکەین، ھەروەھا بەتەبایی و یەکھەڵوێستیی  پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم بکەین وەکو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ھاوکات پشتیوانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بین بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان. 

چوارەم: کۆبوونەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ ھێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەکان دەربڕی لەبەرگری و دابینکردنی سەقامگیری. ھەروەکو کۆبوونەوە رای وایە کە چارەسەری کێشەکان لە رێگای لەشکرکێشی و بەکارھێنانی چەک ناکرێت. پشتیوانی خۆیشی بۆ دیالۆگی سیاسیی ھەمەلایەنە و جدی نیشاندا. بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوەی شاندەکانی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقی فیدرال بەتەنیا رێگە چارە دەزانرێ. ھەروەھا کۆبوونەوە وێڕای سڵاو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو بەرگری و خۆراگرییەی پێشمەرگە کە لە دوای رووداوی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کردویەتی دەربڕی. 

پێنجەم: سەبارەت بەو خوشک و برایانەی کە لە ئاکامی ھێرشەکانی حەشدی شەعبی و سوپا لە ماڵ و شوێنی خۆیان ئاوارەبوون، بەپێویست دەزانرێ ھەموو تواناکان لە حکومەتی ھەرێم، بەھاوکاری جەماوەری دڵسۆزی کوردستان بخرێنە گەڕو بەشێک لە گرفت و پێداویستیەکانیان چارەسەر و دابین بکرێ و، بەھاوتەریبی ئەمانەش بەھەموو تواناوە ھەوڵی جدی و ھەمەلایەنە بدرێ بۆ ھەرچی زووترە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەربڕی بۆ ھەڵوێست و چالاکییان لە پاڵپشتیکردنی گەل و خاکی کوردستان. 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی

پارتی دیموکراتی کوردستان

7/11/2017