ئه‌مریكا پاڵپشتی خۆی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان, جۆزێف ڤۆتێل فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، پشتگیرى و خۆشحاڵیی خۆيشی به‌ دیالۆگى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پشتگیرى و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا و دابینكردنى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و مه‌شق و ڕاهێنانى بۆ پێشمه‌رگه‌ كرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانى خواست.

نێچیرڤان بارزانی، ئاماده‌یی هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازی و دیپلۆماسیی ئه‌مه‌ریكی، ئاماده‌ بوون، دۆخی سەربازی و ئـەمنیی عیراق و هەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای لەناوبردنی داعش خرایە بەر باس، هەروەها دوا پێشهاته‌كانی گفتوگۆی لیژنه‌ ته‌كنیكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دیداره‌كانى هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران  نێچیرڤان بارزانى و حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ به‌غدا و داڤۆس تاووتوێ كران و هیوایان خواست هه‌ردوولا بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ته‌واوى كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق‌.

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا