عەرەبە هاوردەکان داوای باج و سەرانە لە جووتیارە کوردەکان دەکەن

بلۆکیان هێناوە و خانوو لەسەر زەوی جووتیارانی کورد لە قەزای دوبز دروست دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

شاڵاوی هاوردەکردنی عەرەب بۆ ناوچە کوردنشینەکانی قەزای دوبز بەردەوامە و  داوای گەنم و باج و سەرانە دەکەن.

چەند کوردێکی دانیشتووی گوندەکە بە کوردستان24یان راگەیاند، لە گوندی قەرەدەر سەر بە شارۆچکەی دوبز، عەرەبە هاوردەکان هاتوون و داوای باج و سەرانە و بەشە گەنم دەکەن.

راشیانگەیاند: "عەرەبەکان بلۆکییان هێناوە و دەیانەوێت خانوو لەسەر زەوی کورد دروست بکەن".

ئەو هاووڵاتییە کوردانە هۆکاری داگیرکردنی زەوییەکانیان بۆ هەوڵەکانی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دەگەڕێنەوە کە دەیەوێت شاڵاوێکی بە عەرەبکردن لە سنوورەکە ئەنجام بدا.

یەکێک لە جووتیارەکان کە "تاپۆی رەشی" زەوییەکەی بەدەستەوەیە دەڵێت: "داوای یارمەتی دەکەم و من کوڕم شەهیدە و ئامادەم لێرە شەهید بم".

دوێنێ هەینیش، لە سنوور قەزای دووبز، چەند عەرەبێکی هاوردە لە کاتی شەودا، دروێنەیان لە زەوی جووتیارە کوردەکان کردبوو و بڕێکی زۆری گەنمەکەیان بۆ خۆیان برد، جووتیارە کوردەکانیش هێزە عێراقییەکانیان بە هاوکاری ئەو کەسانە زانی کە گەنمەکانیان لێ زەوت دەکەن.

لە سنووری قەزای دووبز 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەی موڵکداریان لەسەرە، زەویيەکان لە بنەڕەتەوە موڵکی کوردن، بەڵام رژێمی پێشووی عێراق وەك دیاریيەك پێشکەشی عەرەبە هاوردەکانی کرد، لە دوای 16ى ئۆکتۆبەری 2017شەوە وەك ئەوەی سەدام حوسێن زیندوو بووبێتەوە، جارێکی دیکە دەستیان بەسەر زەوييەکاندا گرتەوە.

‌H.J