ڤیدیۆی ساتی بۆردومانکردنی پاسێکی گواستنەوەی منداڵان لە یەمەن بڵاودەکرێتەوە

دەیان منداڵ بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان گیانیان لەدەستدا

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودییە و هاوپەیمانانی بۆ سەر بازارێکی جەنجاڵی باکووری یەمەن، پاسێکی قوتابخانەی منداڵان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان منداڵ گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی واشنتن پۆست، زۆربەی ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون، تەمەنیان لە خوار 10 ساڵەوە بووە.

لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا، تاکو ئێستا 16 هەزار هاووڵاتی بەهۆی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و هەژاری و نەداریش باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە.

لە دوو گرتە ڤیدیۆدا، دیمەنی ناو پاسەکە، پێش و دوای بۆردومانەکە بڵاوکراونەتەوە کە تیایدا ئەو منداڵانە لە دڵخۆشی و یاریکردنەوە، بە جانتاکانیان بەرەو گۆڕستان و نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە.

‌H.J