یەكێتی ئەوروپا 400 ملیۆن یۆرۆ دەداتە عێراق

ئەو بڕە پارەیە بۆ زیانلێكەتووەكانی شەڕی داعش تەرخان دەكرێت

K24 - ھەولێر

یەكێتی ئەوروپا 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەتووەكانی شەڕی داعش لە عێراق تەرخاندەكات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد "محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، پەیامێكی لە فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی كاروباری ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا پێگەییشتووە و پشتیوانی یەكێتی ئەوروپای بۆ جارێكی دیكە ئاوەدانكردنەوەی عێراق دووپاتكردووەتەوە".

بەپێی ئەو راگەیەندراوە "مۆگرینی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، یەكێتی ئەوروپا 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەتووەكانی شەڕی داعش لە عێراق تەرخاندەكات".

لە ساڵی 2014 چەكدارانی داعش توانیان بەشێكی زۆر لە خاكی عێراق داگیربكەن و ئەو ناوچانەی كەوتنە ژێر دەستی داعش تووشی وێرانكاری بوونەوە و تائێستاش نەتوانراوە ئەو ناوچانە ئاوەدان بكرێنەوە.