سه‌رۆك بارزانى: هيچ سازشێك له‌سه‌ر كوردستانيى بوونى كه‌ركووك ناكه‌ين

نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقع

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانى رايگه‌ياند، هيچ سازشێك له‌سه‌ر كوردستانيى بوونى كه‌ركووك ناكه‌ين و نابێت داگيركارى كه‌ركووك ببێته‌ ئه‌مرى واقيع.

ئه‌م په‌يامه‌ى سه‌رۆك بارزانى ئه‌مڕۆ له‌ ميانى ديدار‌ى لەگەڵ کەسایەتی و پیاماقوڵان و کادیرانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان هات.

 له‌ وته‌يه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى به‌شدارانى ديداره‌ جه‌ماوه‌رييه‌كه‌ى كرد، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، وەک هەمیشە باوەڕمان وایە کەرکووک دەبێ نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی بێت و پێویستە دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی مادەی 140ـی دەستوور چارەسەر بکرێت و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقع.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بڕیاری گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆم و هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلکارییەکانی بەغدا لەدژی گەلی كوردستان شیكردەوە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەی گەرمیان پشکی شێری لە قوربانیدانەکانی گەلەکەمان بەرکەوتووە و بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، خوشک و براکانمان لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زوڵمی زۆر بوونەتەوە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئێمە پێشتریش چەندینجار ڕامانگەیاندووە کە پێویستە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و لەڕووی بەڕێوەبردنەوە کورد زۆر بەخشندە بێت و لەپشکەکانی خۆشی بداتە پێکهاتەکانی دیکە، ئێستاش جەخت لەسەر ئەو بڕوایەمان دەکەینەوە کە کەرکووک شاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکانە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین و پێویستە دۆخی ئێستای کەرکووک و دەوروبەری و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی مادەی 140ـی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقع.

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسیدایە و شکست دەهێنێت، بەڵام بەهیممەتی جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوانەی زوڵم ناهەقییان بەرنابەر گەلەکەمان کرد، زۆر هەوڵیان دا ڕق و کینە بخەنە دڵی هاووڵاتیانی عێراق، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست کە هاووڵاتییانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرداری نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا بوو.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی کرد و ڕایگەیاند ئێمە سێ بنەمامان داناوە و پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت و بۆ ڕێگەرتن لەوەش پێویستە حکوومەت لەسەر سێ بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، تەوافق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکرێت و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا لەگفتوگۆیەکی جیدیداین کە تا ئەوکاتەی ئەنجوومەنی ئیتیحادی دادەمەزرێت، پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان بەڕەزامەندیی نوێنەرانی پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کورد تێیدا بەشدار بێت بۆ ئەوەی  چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە. 

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە باوەڕی وابووە کە گەل سەرچاوەی بڕیار و شەرعییەتە بۆیە بێ دوودڵی  و بە شانازییەوە دەچێتە ناو ئەو هەڵبژاردنە و داوای لە کادیرانی پارتی کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن، داواشی لە کادیرانی پارتی کرد بە زمانێکی بەرز باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن و دەست بخەنە سەر کەموکوڕییەکانیش و خۆیان لە تەشهیر و بەڵێنی گەورەی بێ کردەوە دوور بگرن و بەتەواوی پابەندی قانوون بن. 

سەرۆک بارزانی جەختیشی كردەوە کە پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی بکات.