واشنتۆن چاوی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌یه‌

" نەک تەنيا بۆ ئەمريکا بەڵکو بۆ ئەوروپاش گرنگە پەيوەنديەکانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ به‌هێزبن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

چاودێرانی سیاسی لە ئەمریكا لەو بڕوایەدان ئەمریكا بایەخێكی زۆر دەدات بە بەھێزی پەیوەندی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە و كۆشكی سپی دەیەوێ دۆستایەتی و ھەماھەنگی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا بەھێزبێت و پەیوەندییەكانیان بگایەوە ئاستی جاران.

له‌مباره‌یه‌وه‌ کاتی پيری، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ليستی پارتی کرێکارانی ئەڵمانيا، لە واشنتۆنەوە باس لە گرنگی پەيوەنديەکانی نێوان هەرێم و تورکيا دەکات و دەڵێت: نەک تەنيا بۆ ئەمريکا بەڵکو بۆ ئەوروپاش گرنگە پەيوەنديەکانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ به‌هێزبن.

هه‌روه‌ها نيکۆڵاس دانفۆرث, لێکۆڵەر و شارەزا لە کاروباری تورکيا لە دامەزراوەی بای پارتيسان بۆ لێکۆڵينەوەی سياسی لە واشنتۆن، دەڵێت ئەمريکا پێويستە ڕۆڵێکی کاريگەر بنوێنێت بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پەيوەنديەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لايەنەکانی تر.

پەيوەنديەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکيا لەدوای پرسی ڕيفراندۆم ڕووی لە کزبوون کردبوو، بەڵام ئێستا هەردوولا لەهەوڵی ئەوەدان ڕەوشەکە وەک جاران لێ بکەنەوە، لەم نێوانەشدا ئەمريکا دەيەوێت دوو هاوپەيمانە گرنگەکەی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی متمانە و هەماهەنگی جارانيان.