توێژینه‌وه‌یه‌ك: رژێمی ئێران له داعش مه‌ترسیدارتره
K24 - هه‌ولێر:
مه‌ترسییه‌كانی داعش، هه‌موو مه‌ترسییه‌كانی دیكه‌ی تێپه‌ڕاند، ئه‌و ترس و تۆقین و توندوتیژیییه‌ی به‌كاریده‌هێنا، گه‌یشته سه‌رووی هه‌موو پێشبینییه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئێستا به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌ی، توێژه‌رێكی ئێرانی به‌ناوی "مه‌جید ره‌فیع زاده" كه مامۆستای زانكۆی هارڤارد و لێكۆڵه‌ر و توێژه‌رێكی سیاسییه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه "رژێمی ئێران به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستای مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاسایشی جێهان و له رێكخراوی داعش مه‌ترسیی زیاتره".
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه، كۆمه‌گای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵه‌یه كه داعشیان خستووه‌ته ریزبه‌ندیی یه‌كه‌می جێگای بایه‌خپێدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌وه، به‌ڵكو رژێمی ئێرانی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر زیاتره له‌سه‌ر ئاسایشی جیهانی له چاو هه‌موو گرووپه تیرۆریسته‌كانی وه‌ك داعش و هاوشێوه‌كانی داعشدا".
ره‌فیع زاده له توێژینه‌وه‌كه‌یدا پشتی به چه‌ند خاڵێك به‌ستووه‌و دیارترینیان، ئه‌و تاوانه دژه مرۆڤایه‌تیانه‌ن كه سوپای پاسداران و فه‌یله‌قی قودس به‌هۆی چوارچێوه‌یه‌كی یاساییه‌وه ئه‌نجامیانداوه، چونكه ئه‌وان فه‌رمان له كه‌سانێك وه‌رده‌گرن كه ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
توێژه‌ره‌كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه هێز و تواناكانی گرووپه تیرۆریستییه‌كان، به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات كۆتایی دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر رێكخراوی قاعیده‌دا هات، به‌ڵام كۆنترۆڵی به‌رده‌وامی ئێران به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌بێت رایگرێت.
ره‌فیع ده‌ڵێت: "توانای سه‌ربازی ئێران و ژماره‌ی هێزه‌كانی كه له سه‌رووی 500 هه‌زار كه‌سه‌وه‌یه، رێگه‌ی بۆ ئێران خۆشكردووه تا سه‌دان هه‌زار كرده‌ی توندوتیژی و تیرۆریستی ئه‌نجام بدات.
توێژینه‌وه‌كه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه كه، به‌پێچه‌وانه‌ی داعش و قاعیده‌وه، رژێمی ئێران مووشه‌كی بالیستی هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌كاریان ده‌هێنێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا له سووریا و یه‌مه‌ن روویدا و بینرا.
ئه‌و توێژه‌ره ئێرانییه ده‌ڵێت: "توێژینه‌وه‌ی زۆر كراوه‌و ده‌ریانخستووه كه چۆن ئێران به ته‌نها هاوكاریی نیوه‌ی هه‌موو گرووپه تیرۆریستییه‌كانی جیهان ده‌كات".
هه‌روه‌ها ئێران كۆنترۆڵی به‌سه‌ر سامان و داهاتی ئه‌و وڵاتانه‌شدا كردووه كه كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ژموونییه‌وه، جگه له‌وه‌ش به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه تا ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی رابگات، هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێككه‌وتننامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له ئارادایه. رێككه‌وتنه‌كه‌ش له ماوه‌ی 14 ساڵی دیكه‌دا كۆتایی دێت و رێگه بۆ تاران خۆش ده‌كات تا پرۆگرامی پێشخستنی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی په‌ره‌پێبدات.
توێژینه‌وه‌كه به‌وه كۆتایی هاتووه كه "هه‌موو گرووپه تیرۆریستییه‌كانی جیهان وه‌ك په‌تایه‌كن، به‌ڵام رژێمی ئێرانی نه‌خۆشییه و شوانی تیرۆر و توندوتیژیی و توندڕه‌وییه.