رۆژنامەنووسانی كەركووك لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدان

تا دێت هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نووسانی كه‌ركووك زیاتر ده‌بێت

K24- كه‌ركووك:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا لقی كه‌ركووكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانی سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌ سه‌پێنراوه‌كانی ئه‌و شاره‌ راگه‌یاند و جه‌ختی كرده‌وه‌، تا دێت هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ زیاتر ده‌بێت

ده‌قی به‌یاننامه‌ی لقی كه‌ركووكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان:

بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان

رۆژ لە دوای رۆژ رۆژنامەنووسان ‌و راگەیاندنكارانی شاری كەركووك زیاتر دەكەونە بەردەم هەڕەشەی رێگریكردن ‌و دەستگیركردنیان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنی ‌و سەربازییەكانی سنووری شاری كەركووكەوە، هەرچەندە تا ئێستا وەكو لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، چەندین هەوڵی جۆراوجۆرمان بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخە و تێگەیاندنی ئەو لایەنانە داوە، بەوەی ناكرێت بە پاساوی نایاساییانە و دوور لە ئازادی رادەربڕین رێگە لە رۆژنامەنووسانی كەناڵە جۆراوجۆرەكانی راگەیاندن بگیرێت لە رووماڵكردنی رووداوەكانی شارەكە و دەوروبەری.

دوێنێ دوو شەممە رێكەوتی 21ی ئەیلوولی 2020 لە كاتی رووماڵكردنی ئاژاوە و پشێوییەكانی سنووری گوندەكانی شارۆچكەی سەرگەڕان (خەرابە) و پێشتریش (پەڵكانە)، بە هۆی گێچەڵی بەردەوامی عەرەبە هاوردەكان، لە لایەن ئەو هێزەی ناوچەكەی لە ژێردەستدایە، هەڕەشەی گرتن ‌و كامیرا لێسەندن لە پەیامنێر و وێنەگرانی ژمارەیەك كەناڵی تەلەڤزیۆنی كراوە و بەپێی گوتەی رۆژنامەنووسەكان، ئەگەر پشتگیری خەڵكی نەبوایە، لەوانەبوو هەر لەوێ دەستگیریان بكەن، تا گەیشتووه‌تە حاڵەتی چەك راكێشان لێیان، بەڵام خەڵكەكە رێگەی ئەوەی نەداوە، بۆیە دواتر لە لایەن بەرپرسانی فەوجی چواری مغاویری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەلاحەدین، سەرجەم بازگەكانی نێوان سەرگەڕان‌ و دوبز و بازگەكانی دیكەش ئاگادار كراونەتەوە، كە ئەو رۆژنامەنووسانە دەستگیر بكەن، بۆیە رۆژنامەنووسەكان - بەپێی گوتەی خۆیان - لە دیبەگەوە چوونەتەوە هەولێر و دواتر بە رێگەی دیكەدا گەڕاونەتەوە بۆ كەركووك‌ و تا دەركردنی ئەم بەیاننامەیەش، مەترسی دەستگیركردنیان لە سەرە. ئەو رۆژنامەنووس ‌و راگەیاندنكارانەش بریتین لە:

  1. رۆژنامەنووس سەیف ئەنوەر- پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە.
  2. رۆژنامەنووس ئەیاد محەمەد- وێنەگری كەناڵی ئاسمانی سپێدە.
  3. رۆژنامەنووس هێمن دەلۆ - پەیامنێری كەناڵی كوردستان 24.
  4. رۆژنامەنووس نەوزاد محەمەد - وێنەگری كەناڵی كوردستان 24.
  5. رۆژنامەنووس دیار تالب - پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كەركووك.
  6. رۆژنامەنووس تیشكۆ ئیسماعیل - وێنەگری كەناڵی ئاسمانی كەركووك.

ئێمە وەكو لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەمە چەندەمین جارە داوا لەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەكەین، كە بە پێی یاسا و بنەماكانی ئازادی رادەربڕین ‌و دیموكراسی بە هیچ شێوەیەك نابێت ‌و ناكرێت رێگە لە رووماڵكردنی رووداوەكان بگیرێت، مەگەر تەنها رووداوێك زۆر هەستیار بێت ‌و پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانییەوە هەبێت، ئەگەرنا بەپێی هەموو یاسا و رێسا عێراقییەكان رۆژنامەنووسان ئازادن بەپێی یاسا ئەرك ‌و كارەكانی خۆیان رابپەڕێنن ‌و كەسیش دەست نەخاتە ئیشوكارەكانیانەوە.

بۆیە جارێكی دیكەش داوا لەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەكەین كە چیتر رێگری لە تیمی رۆژنامەنووسانی كەناڵەكانی راگەیاندن نەكەن، چونكە بۆ ناوبانگی خۆیان خەراپە و لای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بە خەراپ بەسەر پرسی دیموكراسی لە عێراقدا دەشكێتەوە.

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

لقی كەركووك 22ی ئەیلوولی 2020

H.B