8 نیشانە پێش جەڵتەی دڵ هەستییان پێدەکەیت

پێش ئەوەی دڵت بکەوێتە مەترسییەوە چارەسەر وەربگرە

K24 – هه‌ولێر:

جەڵتەی دڵ یەکێکە لە کوشندەترین نەخۆشییەکان و بەهۆی گیرانی دەمارەکانی خوێن روودەدات، بەڵام دەکرێت رێگری لێبکرێت.

هۆکاری جەڵتەی دڵ بۆ گیرانی دەمارەکان و نەگەیشتنی ئۆکسجین بۆ ماسولکەکانی دڵ دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک گەر کەسەکە دوای جەڵتەکە بژی، ماسولکەکانی دڵی زیانی پێدەگات و پێویستی بە کاتە بۆ چاکبونەوە.

ئەوەی تا رادەیەک جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە، مانگێک پێش ئەوەی جەڵتەکە رووبدات، کەسەکە بەم هەشت نیشانەیە دەتوانێت بزانێت کە دڵی لە مەترسیدایە.

ماندووبون

هەست بە لاوازیی، نەبوونی وزە و ئارەزوو نەکردنی چالاکییەکان لە رووی دەروونی و فیزیکییەوە ئاماژەیە بۆ جەڵتەی دڵ.

ئازاری ناوسک

هەستی رشانەوە زیاد دەبێت لە دوای نان خواردن یان کاتێک گەدەت خاڵییە، هەست بە زۆر بوونی غازات و ئازار دەکەیت لەناو سکتدا.

50%ی ئەو کەسانەی جەڵتەی دڵ لێیداون هەستییان بە تێکچوونی گەدە و ریخۆڵەیان کردووە پێش ئەوەی جەڵتەکە لێیان بدات.

خەو زڕان

بە ئاسانی خەوت لێناکەوێت و یاخود شەوان و بەیانی زوو بێ ویستی خۆت خەبەرت دەبێتەوە.

50%ی ژنان هەست بەم نیشانانە دەکەن پێش ئەوەی جەڵتەی دڵ بیانخاتە مەترسییەوە.

کورتی هەناسە

شەش مانگ پێش جەڵتە، هەست بە کێشەی هەناسەدان دەکەیت. لە هەردوو رەگەزدا، کەسەکە ناتوانێت هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژێت و هەست بە چەند کێشەیەکی هەناسەدان دەکات.

هەڵوەرینی قژ

زۆربوونی هۆرمۆنی کۆرتیسۆل دەبێت هۆی جەڵتەی دڵ و هەڵوەرینی قژ. ئەمەش وادەکات 40%ی ئەو کەسانەی جەڵتە لێیان دەدات، هەست بە زیادبوونی هەڵوەرینی قژیان بکەن.

ناڕێکی لێدانی دڵ

لەخۆڕا لێدانی دڵ دەگۆڕێت، هەست بە ناڕێکی لێدانی دڵ دەکەیت و لەزۆربەی حاڵەتەکان لێدانی دڵ زیاد دەبێت.

ئارەقکردنەوە

ئارەقکردنەوەیەکی زۆر و نائاسایی یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی جەڵتەی دڵ.

کەسەکە بە رۆژ یان بە شەو ئارەقێکی زۆر دەکاتەوە بەبێ گۆڕانی پلەی گەرمی و وەرزشکردن.

ئازاری سینگ

هەست بە ئازار لە قەفەزەی سینگدا دەکەیت و هەندێک جار ئەو ئازارە بۆ مل، شان و گەدە دەگوازرێتەوە.

سەرچاوە: کامبریدج نیوز

H.J