باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهێزە

"ھەولێر و بەغدا بەرەو دانووستان ھاندەدەین"

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی تاران لە بەغدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهێز و مێژووییە.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهێز و مێژووییە، لەو ماوەیەدا هەوڵمانداوە پەیوەندیەك لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستبکەین، کە لە بەرژەوەندی هەردوولا دابێت، ھەروەھا هەوڵدەدەین ھەردوولا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەرەو دانووستان و پەیوەندییەکی تۆکمە هان بدەین".

مەسجدی،راشیگەیاند: "بە ئامادەیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس هەماهەنگییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەبواری سەربازییەوە جددیی و گشتگیرە و لە داهاتووشدا بەردەوامدەبێت. پەیوەندی بەهێزمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و حەشدی شەعبی و پۆلیسی عێراقی هەیە".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا مەسجدی گوتی: "عێراق ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و گرینگ کە هەمان قۆناغی بنیاتنانەوە و داڕشتنەوەی بنەما ئابوورییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانە. بێگومان لەو قۆناغەدا ئێران رۆڵێكی بێ هاوتا و گرینگ لەو وڵاتەدا دەگێڕێت".

ھ.م