تویتەر تویتێکی ترەمپ دەسڕێتەوە

پێشێلی رێساکانی کردووە

K24- هەولێر:

کۆمپانیای تویتەر بە هۆکاری “بەهەڵەبەردنی خەڵک” تویتێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای سڕیەوە.

ترەمپ لە تویتەکەی لە بایەخی پۆشینی ماسکی کەمکردبووەوە لە رووبەڕووبوونەوەی دژی کۆرۆنا، ئەمەش دژی رێکارە نوێکانی تویتەرە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، تویتەر لێدوانەکەی ترەمپی بە دژی رێساکانی لەقەڵەم داوە.

کۆشکی سپی هیچ لێدوانی لەوبارەوە تاوەکو ئێستا نەداوە.

دۆناڵد ترەمپ رەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەوەی، لە مەترسییەکانی کۆرۆنا کەم دەکاتەوە و خەڵکی لە پابەندبوون بە رێنماییەکان سارد دەکاتەوە، تەنانەت تووشبوون و چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، لای هەندێک جێگای گومانە.

پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کۆرۆنا هاوشێوەی هەڵامەتی ئاساییە و پێویست ناکات نەخۆشییەکە گەورە بکرێت.

تاوەکو ئێستا 217 هەزار ئەمەریکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.