نێیمار و کاڤانی لە ژووری جلگۆڕین بەشەڕ هاتوون

کاڤانی لە پێناوی بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری لیگ1 ئامادە نییە پێناڵتی بۆ نێیمار بەجێبهێڵێت

K24- هەولێر

ململانێی ئێدینسۆن کاڤانی و نێیمار داسێلڤا پەڕیوەتەوە ژووری جلگۆڕین و بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی لیکیپ هەردوو یاریزان دوای یاریی بەرامبەر لیۆن بەشەڕهاتوون.

رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا ئاشکرایکردووە، دوای یاریی نێوان پاریس سانجێرمان و لیۆن کە لە یارییەکەدا دوو جار نێیمار و کاڤانی دەمەقاڵێیان لە نێوان دروستبوو، هەردوو یاریزان لو ژووری جلگۆڕین بەشەڕهاتوون و تیاگۆ سێلڤای کاپتنی یانەکە لێکی کردوونەتەوە، تەنانەت بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی لیکیپ، کاڤانی بە نیمۆی گوتووە 'ئامادە نییە ببێتە شاگردی ئەو و بهێڵێت پۆزی بەسەر لێبدرێت'.

هەر بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی، کاڤانی لەبەر ئەوەی لە بەندێکی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرماندا هاتووە، ئەگەر ببێتە گۆڵکاری هەر وەرزێکی خولی فڕەنسی ملیۆنێک یۆرۆی پێدەدرێت، بۆیە ئامادە نییە دەستبەرداری لێدانی سزا بێت و دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت رکابەری رادمێل فاڵکاو بکات، کە ئێستا بە جیاوازیی دوو گۆڵ و بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی لیگ1ی گرتووە.

تاکو ئێستا لەم وەرزە 4 لێدانی سزا بۆ پاریس سانجێرمان هەژمارکراوە و سەرجەم لێدانە سزایەکان لەلایەن کاڤانییەوە جێبەجێکراون.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی