باوکێک لەسەر ماچکردنی کچەکەی 15 ساڵ زیندانی کرا

"هاوسەرەکەی تۆڵەی جیابوونەوەی لێکردۆتەوە"

K24- هه‌ولێر:

لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2017، دوو هاوسەر لە تورکیا جیابوونەتەوە، دادگا کچەکەیانی داوەتەوە ژنەکە، باوکی بە مۆڵەت سەردانیکردووە، بەڵام ئەم رووداوە 15 ساڵ زیندانی بۆ باوکەکە هێنا.

کچە 11 ساڵانەکە، بۆ یارمەتیدانی لە وانەی قوتابخانە داوا لە باوکی دەکات سەردانی بکات، بەڵام کاتێک باوکی وانەکانی پێدەڵێتەوە و ماڵەکە جێدەهێڵێت، کچەکە بە دایکی دەڵێت باوکی لێوەکانی ماچکردووە.

رۆژنامەی حوریەتی تورکی توانیویەتی دەستی بگات بەزانیارییەکانی ئەو دۆسیەیە، لە هەواڵێکیدا لێدوانی کچەکەی بۆ پۆلیس ئاشکرا کردووە:

"من داوام لە باوکم کرد بێتە ماڵەوە. ئەو ماچی لێوەکانمی کرد و منیش هەستم بە خراپی کرد. ئەو جارێکی دیکەش کاتێک خەوتبووم لە ماڵی پورم ماچی کردبووم. ماچەکانی کورت بوون و بە منی دەگووت کە کچی ئەوم".

لە کاتی دادگایکردن، باوکەکە سوور بووە لەسەر ئەوەی کە هیچ کارێکی نەشیاوی نەکردووە، بەڵکو ئەو تۆمەتەی لە لایەن ژنەکەیەوە بۆ هەڵبەستراوە تاکو تۆڵەی جیابوونەوەکەیانی لێبکاتەوە.

بەڵام دادگا بێ ئەوەی بەڵگەی هەبێت، تەنها بە وەرگرتنی لێدوانی دایک و کچەکە، 15 ساڵ زیندانی بەسەر ئەو باوکەدا سەپاندووە.

H.J