شێخ جه‌عفه‌ر: هیچ باڵێكی یه‌كێتی خاوه‌ن بڕیار نییه‌ و بافڵ تاڵه‌بانی نەیتوانی هیچ بكات

شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌گه‌ر ئه‌و 40 بۆ 50 سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی پێشوه‌خته‌ رێكنه‌كه‌وون كۆنگره‌ی تێكدان ده‌بێت نه‌ك یه‌كڕیزی

K24 - هه‌ولێر:

جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و به‌رپرسی یه‌كه‌ی حه‌فتای هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ده‌رباره‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ و هه‌وڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و پرۆژه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی و باڵه‌ جیاوازه‌كانی ناو حزبه‌كه‌ی‌ قسه‌ی بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا كردووه‌و ده‌ڵێت: "هیچ باڵێكی ناو یەكێتی هیچ بڕیارێكی بەدەست نییە، من زۆرم پێ سەیرە جاری واهەیە لەڕاگەیاندنەكانەوە دەبینم دەڵێت یەكێتی وایكرد، یەكێتی وابوو هیچ كەس شتی بەدەست نییە هەركەس قسەی كرد ئەمڕۆ لەناو یەكێتیدا قسەی شەخسی خۆیەتی نەسیاسەتی یەكێتییە نە تەمسیلی یەكێتی دەكات نە ئێمەش و نە كەسوكاری شەهیدان ‌و نە پێشمەرگەش حسابی لەسەر دەكات، كە ئەوە سەركردەیەكی خاوەن بڕیار بێت."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بەڕاستی ئەوەی هەبوو لەپێشتر جەنابی كاك كۆسرەت و كاك دكتۆر بەرهەم بوون، بەداخەوە جڵەوی خۆیان شۆڕكردو نەیانتوانی مومارەسەی دەسەڵاتەكانی خۆیان بكەن، ئیتر دەستاو دەست ڕۆیشت، نازانم دواتر كەوتە دەستی كێ؟ ئیتر جگە لەودووانە كەسی تر نەشەرعییەتیان هەبوو نەهیچ".

كێشەی كاك كۆسرەتیش ئەوەیە تەندروستی تەواو نییە، ئەگەرنا پیاوێكی بەهێز و خاوەن جەماوه‌ره‌ و لەناو خەڵك و پێشمەرگەدا قورسایی خۆی هەیە، بەڵام خراپی باری تەندروستی وای كردووە تەنانەت نەتوانێت لە پێویستیش كەمتر بكات بۆ مومارەسە كردنی دەسەڵاتەكانی خۆی."

شێخ جه‌عفه‌ر پێیوایه‌، ئەگەرپێشوه‌خته‌ ڕێكەوتن له‌نێوان چل تا پەنجا كەسه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی لەنێوان خۆیاندا نەبێت و ئەگەر بەم دۆخەوە بچنە ناو كۆنگرە، نە كۆنگرەیان پێدەگیرێت، یان ئەو كۆنگرەیە كۆنگرەی تێكدان دەبێت نەك كۆنگرەی یەكڕیزی‌و گەڕانەوەی یەكێتی بۆ گۆڕەپانی ئەو مێژووە سەروەریەی هەیەتی".

ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "پێموایە، ئێمە ئێستا چل بۆ پەنجا كه‌سین بەچەند مانگێك بەقڕە قڕە نەگەینە ڕێكەوتن‌و هەر ئەو چل پەنجا كەسە بەچەندین مانگ‌و چەندین ساڵ نەگەنە ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی ناوەندێكی بڕیاردان بۆ یەكێتی دروست بكەن، ئیتر چۆن دەتوانن هەزار كەس بۆ كۆنگرە كۆبكەنەوەو كۆنگرە بكرێت".

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bb94d04c-a884-4968-999d-3dcd8a6b17d0/020118NMT.ism/manifest

شێخ جه‌عفه‌ر له‌گه‌ڵ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی نییه‌ وسەبارەت بەوەی كێ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوە گوتوویه‌تی: "سەركردایەتی یەكێتی مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، كە بەهیچ جۆرێك شەرعییەتی نییە مەكتەبی سیاسی هەڵبوەشێنێتەوە دەیانتوانی داوا بكەن مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرێتەوە نەك بەوجۆرە هەڵی بوەشێننەوە. ئەو سەركردایەتیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵوەشاندەوە، كە ناتوانن ناوەندێكی بڕیار دروست بكەن، ناتوانن لەدوای بیست كۆبوونەوە ڕۆژێك دیاری بكەن بۆ كۆنگرە."

شێخ جه‌عفه‌ر به‌ راشكاوی باسی باڵه‌كانی ناو حزبه‌كه‌ی كردووه‌ و گوتوویه‌تی: "نازانم چەند باڵ‌و ئاڕاستە لەناو یەكێتیدا هەن، ئەوەندە زۆرن جا بەڕاستی وایە هەر بەدوو كەس یا چەند كەسێك ئاڕاستەیەك هەن، من خۆشم سەری لێدەرناكەم ئاڕاستەكان چین‌و مەبەست و ئەجێندایان چییە؟، من خۆم سەر بەهیچ باڵ و ئاڕاستەیەك نیم، بەڵام لەناو یەكێتیدا هەیە هەر مەجموعە مەجموعە یەكیان گرتووە، ئیتر نازانم ئەجێندای یەكگرتنەكەیان چییە؟ بەرژەوەندییە، یا دەسكەوتە نازانم بەخوا".

لەبارەی چارەنووس‌و ئەنجامی پڕۆژەكەی بافڵ تاڵەبانی لەدوای ساڵێك بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ده‌ڵێت:  "ئێمە زۆر حەزمان دەكرد ماڵی مام جەلال بیانتوانیایە یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزن، بەڕاستی كە كاك پاڤێلیش هاتەوە وتی من كوڕە گەورەی مام جەلالم‌و دەمەوێت وەك مام جەلال یەكێتی ڕێكبخەمەوە ئێمە زۆرمان پێخۆش بوو زۆرمان هاوكاریكرد و پێمان گووت هەرچیمان لەدەسەڵات بێت یارمەیت دەدەین تا بتوانی یەكێتی یەك بخەیتەوە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی هیچ هەنگاوێك بنێت ئیتر بەداخەوە هۆكاری نەتوانینیشی نەبوونی ئەزمون بوو، یاخود ئەو سیفەتەی تێدا نەبوو بتوانێت وابكات."

به‌ڵام هەتا هاتەوە سەركردە سەربازییەكان و كادر و دەموچاوە باشەكانی یەكێتی پشتیوانییان لێكرد، كاتێك باسی نیەتی هاتنەوەی كرد تەنانەت نەك پشتیوانی ئێمە، به‌ڵكوه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی هیچ بكات."