عه‌بادی: رێكاره‌كانی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كۆتاییهاتووه
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ته‌ئكیدیكرده‌وه، رێكاره‌كانی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ته‌واو بوون و به‌مزووانه خه‌رج ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه به‌مزووانه مووچه‌كانیان خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت دڵنیابین له‌وه‌ی مووچه‌كه ده‌گاته فه‌رمانبه‌ران".
عه‌بادی گوتوویه‌تی: "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 14/3/2018 فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌كرێنه‌وه".
له په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پارێزگای مووسڵ، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گوتوویه‌تی: "ئه‌مڕۆ هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ی نیوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی به رووی گه‌شته نیوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێنه‌وه و نامانه‌وێت سته‌م له هیچ كه‌سێك بكه‌ین. هه‌رێمی كوردستانیش ره‌زامه‌ندی نیشانداوه ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادی له فڕۆكه‌خانه‌كاندا جێگیر ببێ".
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ستایشی رۆڵی پێشمه‌رگه له جه‌نگی دژی داعشدا ده‌كات و گوتوویه‌تی: "پێشمه‌رگه هاوشانی سوپای عێراق دژی داعش جه‌نگاون و سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌هۆی قوربانیدانی هه‌مووان به‌ده‌ستهاتوون".
به‌ڵێن و بڕیاره‌كانی عه‌بادی له كاتیكدایه حكومه‌تی عێراق له سه‌رده‌می نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوو، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی. پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له 25/9/2017 به بریاری حه‌یده‌ر عه‌بادی له رۆژی 29/9/2017 گه‌شتی نیوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگیرا و چه‌ندین سزای دیكه‌ش به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پێنرا.