سێ رۆژ پرسه‌ بۆ دلۆڤان ئیدریس بارزانی داده‌نرێت

نووسینگه‌ی سه‌رۆك بارزانی كاته‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی پرسه‌كه‌كه‌ی راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی كاته‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی پرسه‌ی دلۆڤان ئیدریس بارزانی برای نێچیرڤان بارزانی راگه‌یێنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 3/4/2018ـه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ  (سێشه‌ممه‌، چوارشه‌ممه‌، پێنجشه‌ممه‌) پرسه‌ی خوالێخۆشبوو، دلۆڤان ئیدریس بارزانی" له‌ هۆڵی بۆنه‌كانی شارۆچكه‌ی پیرمام "سه‌ڵاحه‌دین" به‌ڕیوه‌ ده‌چێت و سبه‌ینێ یه‌كه‌م رۆژی پرسه‌كه‌یه‌تی".

 له‌ راگه‌یێنراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌ "پرسه‌كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژه‌ و به‌یانیان له‌ كاتژمێر 9:00 تا 12:00ـی نێوه‌ڕو و ئیوارانیش له‌ كاتژمێر 2:00 تا 5:00ـ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2/4/2018 دلۆڤان ئیدریس بارزانی، برای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، له‌ ته‌مه‌نی 52 ساڵیدا به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، كۆچی دوایی كرد.

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌واڵی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی به‌ فه‌رمی راگه‌یاندووه‌و له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت: "بە داخێكی زۆرەوە بەیانی ڕۆژی دووشەممە 2ـی 4ـی 2018 دلۆڤان ئیدریس بارزانی كوڕی ڕەحمەتی ئیدریس بارزانی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و چووە بەر دلۆڤانیی پەروەردگاری مەزن. لە كاتێكدا كە ئەو هەواڵە خەمناكە ڕادەگەیێنم، لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە ڕەحمەت و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت".

دلۆڤان ئیدریس بارزانی له‌ دایكبووی ساڵی 1966ـه‌ و له‌ ناوچه‌ی بارزان له‌ دایكبووه‌. هیچ پۆست و به‌رپرسیارێتییه‌كی فه‌رمی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌و له‌ بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی نێچیرڤان بارزانی كردووه‌.