كاندیدی سه‌رۆك كۆمار نێوماڵی كورد ده‌خرۆشێنێ

بەرپرسێكی یەكێتی: بەھۆی كێشە ناوخۆییەكان نەمانتوانیووە كاندیدێك دیاربكەین

K24 - ھەولێر

تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رێكنەكەوتوون و پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بەمافی خۆی دەزانێت و بە ئاشكراش رایانگەیاندووە، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "كاندیدمان بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت".

دوای ئەنجامدانی چەندیدن کۆبوونەوە، لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، یەکێتی نەیتوانیووە کاندیدی حزبەکەی، بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار دیاربکات، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری حزبەکە و لەتیف رەشید و محەمەد سابیر، ھەردوو ئاوەڵزاوای مام جەلال و بەرھەم ساڵح جێگری پێشووی سکرتێری گشتی یەکێتی، کە تا ئێستاش سەرۆکی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریە، کاندید بوونیان ئەگەرێکی بەھێزە، جگە لە فواد مەعسوومیش کە ئامادەیی خۆی لە مانەوەی پۆستی سەرۆکی کۆمار بۆ خولێکی دیكە دەربڕیووە.

محەمەد سابیر ھەر زوو کرایە کاندیدی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق، یەکێکی دیکەشە لە ئاوەڵزاواکانی مام جەلال و تا ئێستاش باڵیۆزی عێراقە لە چین. عومەر بەرزنجیش یەکێکی دیکەیە لە کاندیدەکان، ئەو بە درووشمی "سەرۆکی ھەموو عێراقیەکان" خۆی کاندید کردووە، دەشیەوێت وەک ھاووڵاتییەکی سەربەخۆ، کاندید بوونەکەی پێناسە بکات.

دوای ھەمووشیان سەردار عەبدوڵڵایە، کە دوور لە ھەموو چاوەڕوانیەک لە رێگەی كوردستان24ەوە و راستەوخۆ، کاندید بوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق وەکو کەسێکی سەربەخۆ راگەیاند، کە بە قسەی خۆی ھەموو مەرجانە دەیگرێتەوە کە پێویستە سەرۆک کۆمار ھەیبێت.

زۆری کاندیدەکان و بوونی خواستی زۆر لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، یەکێتی خستووەتە دووڕیانێک کە نازانێت لە کامە رێگا.

لاوەند جەلال، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستانە لە پشکی یەکێتی، کە ئاگاداری بەشێکی زۆری کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی حزبەکەیەتی دەڵێت، زۆری کاندیدەکان لە ناوخۆی حزب، لە لایەک و نەگەیشتنە ئەنجام بۆ گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی، ھۆکارن کە حزبەکەیان تائێستا نەیتوانیووە کاندیدێک یەکلا بکاتەوە.

لاوەند جەلال، بە كوردستان24 گوت: "لەگەڵ سەرۆكی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە گفتوگۆداین بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو یەكێتی، ئەوەش خواستی ھەردوولامانە، ئەگەر بەرھەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەكێتی یەكێك دەبێ لە كاندیدەكان، ئەگەر وەك یەكێتی لەناو خۆمان كۆك بوواین و كێشەمان نەبووایە، پارتی نەیدەتوانی ئەو كارتانە دژی ئێمە بەكاربێنێ، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بشیدەین بە پارتی نایەوێت، بەڵام ھێزێكی سیاسییە و مافی خۆیەتی ئەو كارتە بەكاربێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێت دەستكەوتی زیاتری ھەبێت".

سەرچاوەیەك لە ناو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە کوردستان24  گوت "بەرھەم ساڵح بۆ ئەوەی بکرێتە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار، ئامادەیە بەیاننامەی پەشیمانی رابگەیەنێت، بەڵام ناتوانێت دەنگی پێویست لەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بە دەست بھێنێت، چونکە ئەوان پێیان وایە، ئەم تاقمەی لە ئەنجامی کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح لێیان زوویر دەبن، لە بەرھەم ساڵح جەماوەریان زیاترە، جگە لە وەرگرتنی رەزامەندی پارتی کە بۆ یەکێتی لایەکی مەسەلەکەیە".

ھ.م