هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركووك گه‌یشتنه رێككه‌وتن
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاویكرده‌وه، حكوومه‌تی فیدرالی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك له رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی، له وێبسایتی فه‌رمی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه، به گوێره‌ی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، عاسم جیهاد، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراقی، رایگه‌یاندووه، به گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی، بڕی 50 بۆ 100 هه‌زار به‌رمیل له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك، له رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان ده‌كرێت.
روونیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و بڕه نه‌وته له رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییه‌وه به بازاڕ ده‌كرێت ده‌فرۆشرێت.
هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ به‌نده‌ری جیهان، له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه راگیراوه، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی دیار، شاری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانیان راده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه عێراقییه‌كان كرده‌وه.
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، نه‌وتی كه‌ركووك له‌ر ێگه‌ی تانكه‌ره‌وه هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سزاكان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته، پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌كه راگیرا.
سه‌رچاوه: وێبسایتی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق
ئ. م