لێپرسینەوە لە رووحانی دۆخی ئێران ئاڵۆزتر دەكات

.

K24 - ھەولێر

وتەبێژی حكومەتی ئێران رایدەگەیەنێت، لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

لەبارەی بڕیاری لێپرسینەوە لە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، عەلی رەبیعی، وتەبێژی حكومەتی ئێران داوا دەكات، پەرلەمان لە جێگەی لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار، چاره‌نووسی ئەو 68 پڕۆژە یاسایانە یەكلایی بكاتەوە، كە لە پەرلەمان پشتگوێ خراون.

وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند "چارەسەر كردنی كێشەكان و دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستای وڵات تێیكەوتووە، پێوسیتی بە ھاوكاری ھەموو لایەنەكان ھەیە".

دەشڵێ "بڕیاری لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار بڕیارێكی كتوپڕ بووە و رێگەچارە نییە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان، بەڵكو دۆخی وڵات ئاڵۆزتر دەكات".

بڕیاری لێپرسینەوە لە حەسەن روحانی، دوا ئەوە دێت، كە ھەفتەی رابردوو جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئه‌و وڵاته‌ بۆ وەڵامدانەوەی چەندین پرس بانگھێشتی پەرلەمان كرابوو.

پەرلەمانی ئێران حكومەت بە ھۆكاری قەیرانەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی و داڕمانی به‌های تومه‌ن و دۆخی ئابووری وڵات دەزانێت.