مامۆستایه‌كی كورد له ئارامترين وڵاتی ئه‌وروپا كوژرا
K24 - هه‌ولێر:
ئالان ئه‌حمه‌د ئه‌مین، 27 ساڵان، له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی شاری یۆتۆبۆری سوید مامۆستا بوو، رۆژی 11ی ئایار/ مایۆی 2017، كاتژمێر 9ی به‌یانی، له ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی، له جۆری هۆنداى سيلڤه‌ر، نزیك قوتابخانه‌كه‌یدا، كوژرا و رۆژی پێنجشه‌ممه‌ش، دوایین رۆژی پرسه‌كه‌ی بوو له هه‌ولێر.
تا ئێستاش هۆكاری كوژرانی ئه‌و مامۆستا كورده دیار نییه و وه‌ك كه‌سوكاری باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ناخۆشییان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نه‌بووه و پۆلیسی یۆتۆبۆریش پێی راگه‌یاندووة، تا كه‌یسه‌كه یه‌كلایی نه‌كه‌نه‌وه، هیچ زانیارییه‌ك بڵاوناكه‌نه‌وه.
ئه‌حمه‌د ئه‌مین، 52 ساڵ, باوكی ئالان تایبه‌ت بۆ وێبسایتی كوردستان 24، ده‌ڵێت، ماوه‌ی 27 ساڵه له سوید ده‌ژین و ئه‌و كاته‌ی گه‌یشتوونه‌ته سوید، ئالانی كوڕی ته‌مه‌نی ته‌نها یه‌ك ساڵ بووه, باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئالان جيا له‌وه‌ی وه‌كو مامۆستا له قوتابخانه‌یه‌كی ناوچه‌ی لۆڤیارنیسكۆلاند، ده‌وامی ده‌كرد، هاوكات سه‌رقاڵی خوێندنی زانكۆییش بووه.
خێزانه‌كه‌ی ئالان له چوار كه‌س پێكهاتبوون، كه دایك و باوكی و خۆی و برایه‌كی بوون، خۆیشی كوڕی گه‌وره‌ی خێزانه‌كه بووه و 27 ساڵ به‌ر له ئێستا له هه‌ولێر له دایكبووه.
ئه‌و رۆژه‌ی ده‌سڕێژی گوللـه له یه‌كێك له ئارامترین وڵاتانی ئه‌وروپا له ئالان كرا، باوكی ئالان ته‌نها شه‌ش رۆژ بووه گه‌ڕابووه‌وه هه‌ولێر, سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری بوونی كێشه و ناخۆشیش، ده‌ڵێت: "ئالان هه‌ر كێشه‌یه‌كی هه‌بایه به منی ده‌گوت، ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌ك زۆر هاوڕێ بووین و هه‌موو شتێكی بۆ باس ده‌كردم، كاتێك ده‌چووینه شوێنێك و ئه‌و به‌منی ده‌گوت بابه، خه‌ڵك پێی سه‌یربوو، چونكه زیاتر وه‌ك دوو هاوڕێ ده‌رده‌كه‌وتین".
باوكی ئالان له یه‌كه‌م رۆژی په‌لاماردانی خاكی كوردستان له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه له ساڵی 2014، وه‌كو خۆشبه‌خشێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له هێزی پاراستنی هه‌ولێر بووه‌ته پێشمه‌رگه و له زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له میحوه‌ری گوێڕ بووه.
باوكی ئالان هه‌رگیز پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌و شێوه‌یه كۆتایی به ژیانی كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی بێت و ئاماژه به قسه‌یه‌كی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌موو جار كه ته‌له‌فۆنمان ده‌كرد ئالان پێی ده‌گوتم، باوكه تۆ له سه‌نگه‌رى به‌رگری و جێگه‌ت مه‌ترسیداره، تكایه ئاگاداری خۆت به".
به‌و پێیه‌ی ئالان مامۆستا بووه، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی یۆتۆبۆری و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی سویدیش به‌شداری رێوڕه‌سمه‌كه‌یان كردووه، هاوكات ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری خه‌ڵكیش به رێپێوان به‌شدارییان كردووه و كوشتنی ئه‌و مامۆستا كورده‌یان شه‌رمه‌زار كردووه, وێڕای كۆتاییهێنان به توندوتیژی، داوای ده‌ستگیركردنی تاوانبارانیشیان كردووه.
وه‌ك له گرته ڤیدیۆی و وێنه‌كانیش ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئاماده‌بووه، له رێگه‌ی پلانكارت و هه‌ڵگرتنی لافیته، رێزیان له گیانی ئالان و له خۆبوردوویی و ئه‌و مامۆستا كورده گرتووه و خۆشه‌ویستییان خۆیان بۆى ده‌ربڕیوه.
وه‌ك باوكی ئالان باسی لێوه‌ده‌كات، له كاتی به‌خاكسپاردنیدا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی یۆتۆبۆری پێی راگه‌یاندوون، تیمێكی 15 كه‌سی لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوه ده‌كه‌ن و كوژرانی ئالانیش ده‌كه‌نه ده‌سپێكی پێداچوونه‌وه به‌و یاسایانه‌ی له دژی توندوتیژین له‌و وڵاته.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، ئاماژه‌ی به كه‌مته‌رخه‌می پۆلیسی شاره‌كه كردووه و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه، كه پێداچوونه‌وه به ته‌واوی داموده‌زگا پۆلیسییه‌كان ده‌كه‌ن و بۆ پاراستنی سه‌قامگیری زیاتریش، رێوشوێنی توندتر ده‌گرنه‌به‌ر.
ئه‌حمه‌د ئه‌مین ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی ته‌واوی ته‌مه‌نی له سوید بووه، به‌ڵام تا دوایین رۆژی ژیانیشی به به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ئايينى و نه‌ریتی كورده‌واری پابه‌ند بووه به زمانێكی پاراوی كوردیيش ئاخاوتووه.
ئالان جيا له كاری مامۆستایه‌تی، راهێنه‌ر و كاپتنی یانه‌یه‌كی تۆپی پێی كوردی بووه له سوید و سه‌رپه‌رشتیاری دوو تیپی دیكه‌یشی كردووه، كه یه‌كێكیان تایبه‌ت بووه به كچان و ئه‌وی دیكه‌ش هی منداڵان بووه.