شه‌ش په‌رله‌مانتاری دیكه له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی كشانه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، شه‌ش ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له هاوپه‌یمانی "نه‌سر"ی عه‌بادی كشانه‌وه‌ی خۆیان له هاوپه‌یمانێتییه‌كه راده‌گه‌یه‌نن.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه، ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره واژۆی خۆیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی ده‌كێشنه‌وه و به هه‌ڵوه‌شاوه وه‌سفی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه واژۆ بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كی دیكه ده‌كه‌ن، خاوه‌نی ئامانجی روونه و له "ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا" راده‌گه‌یه‌نرێت.
شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كه، هه‌ر یه‌ك له (ئیحسان سوعبان شه‌بلی، عه‌لا سوكه‌ر ده‌لفی، یوسف كلابی، حوسێن ماجید فایز، سه‌وره جه‌واد حیلفی و ریاز عه‌باس ته‌میمی)ن.
پێشتریش فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌تا، له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی دیكه، كشانه‌وه‌یان خۆیان له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی راگه‌یاندووه، به‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه پێگه‌ی عه‌بادی بۆ دووباره كاندیدبوونه‌وه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م لاواز كردووه.
ئ. م