زانیاری نوێ له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی رێگای هه‌ولێر - كه‌ركووك
K24- هه‌ولێر:
میعه‌ن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كان و هاوكات فه‌رمانده‌ی ده‌زگای دژه تیرۆری عێراق له كه‌ركووك رایگه‌یاند، ده‌زگای دژه تیرۆری عێراق حكوومه‌تی فیدراڵی پشتڕاست كردۆته‌وه، كه هیچ كێشه‌یه‌ك له كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان هه‌ولێر - كه‌ركووك له‌ئارادا نییه و، له هه‌ر كاتێك بێت ده‌كرێت ئه‌و رێگایه بكرێته‌وه.
ئه‌و فه‌رمانده عێراقییه به شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاندووه، "هه‌ندێ رۆتیناتی بچووك ماون كه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت، گفتوگۆش له‌مباره‌یه‌وه به‌رده‌وامن و، ته‌نیا به كۆتایی هاتنی ئه‌و رۆتیناته رێگاكه ده‌كرێته‌وه".
سه‌عدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه وه‌ك ده‌زگای دژه‌تیرۆر، هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منیمان له كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگایه نییه، به‌ڵام دوا بڕیاریش له‌ده‌ست حكوومه‌ت و لێژنه ته‌كنیكییه په‌یوه‌ندیداره‌كانه، ئه‌وان بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ن".
پێشترش چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایانگه‌یاندبوو، هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان هه‌ولێر - كه‌ركووك ده‌ربڕیوه و، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ست به رێككاری تایبه‌ت كراوه و، پردی سه‌ر رێگای سه‌ره‌كیش له‌نێوان ئه‌و دوو پارێزگایه بۆ هاتووچۆ ئاماده‌كراوه.
ئه‌و سه‌رچاوانه دووپاتیانكرده‌وه، له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، پرده‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به‌ڕووی هامشۆی ئۆتۆمۆبیله بچووكه‌كاندا ده‌كرێته‌وه، تا كاری نۆژه‌نكردنه‌وه ته‌واو ده‌بێت، ئینجا رێگاكه به ته‌واوه‌تی ده‌كرێته‌وه.
گه‌رمبوونی ده‌نگۆی كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان هه‌ولێر - كه‌ركووك دوای ئه‌وه هاتووه، كه به‌ر له دوو رۆژ حكوومه‌تی به‌غدا قه‌ده‌غه‌ی فڕینی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی هه‌ڵگرت و، بڕیاره له رۆژانی داهاتووشدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندرووستی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه دابه‌ش بكات.
H.B