سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت

نزیکەی 10 ھەزار کەس پشكیان لە چاڤیلاند كڕیووە و پارەكەیان پێنەدراوەتەوە

K24 - ھەولێر

لەلایەن خاوەن پشکەکانی چاڤی لاندەوە، کە یەکێکە لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی کۆمپانیای نالیا 268 سکاڵای لە دادگا لەسەر تۆمار کراوە، ھاوکات بڕی 43 ملیار دینار، کە لە کابینەی شەشەوە لە حکوومەت قەرزی کردووە، سوودی 16 ملیار دیناری ھاتووەتە سەر، گوندی ئەڵمانیی لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو قەرزە لە رەھن داناوە، کە حکوومەت دەتوانێ بەپێی یاسا دەست بەسەر یەکەکانیدا بگرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە کۆمپانیای نالیا، کە لە رێگەی ژمارەیەک میدیاوە بانگەشە بۆ گرووپێک بەناوی جووڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) دەکات، کە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی ئەو کۆمپانیایە.

بەپێی راپۆرتی چاودێریی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راپۆرتی ساڵانەی دیوان، پوختەی بەدواداچوون و پاکتاوکردنی راپۆرتەکانی چاودێریی ساڵانی (2013 - 2014) کە کۆپییەکی راپۆرتەکە رۆژنامەی باس بڵاویكردووەتەوە، کۆمپانیای نالیا بەبێ یەکلابوونەوەی دۆسیەی سووتانی تەلەڤزیۆنی (نالیا)، وەکوو پێشینە بە دەستەبەری بانک لە مانگی 2ی 2013، بڕی 3 ملیار و 603 ملیۆن و 750 ھەزار دیناری وەکو قەرز لە کابینەی شەشەمی حکوومەت، کە ئەوکات د. بەرھەم ساڵح، سەرۆکی حکوومەت بووە، پێی دراوە، بەڵام دواتر کۆمپانیای نالیا کەیسەکەی لە دادگا نەبردووەتەوە و تا ئێستاش ئەو بڕە پارەیەی نەگەڕاندووەتەوە.

ھەر بەپێی ئەو بەڵگانە، کۆمپانیای نالیا بڕی 43 ملیار و 750 ملیۆن دیناری ھەر لە سەردەمی کابینەی شەشەم واتە سەردەمی سەرۆکایەتیی بەرھەم ساڵح، بە قەرز لە حکوومەت وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو قەرزەیشی نەداوەتەوە و تا ئێستاش بڕی سوودی ئەو قەرزە گەیشتووەتە 16 ملیار دینار، کە کۆی گشتیی دەکاتە 59 ملیار و 750 ملیۆن دینار، بەو ھۆیەوە وەزارەتی دارایی لە نووسراوێکیدا، کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە و ژمارە ١٠٥٩٤ی پێ دراوە، لە رێککەوتی 5/8/2015، فەرمانی دەرکردووە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، کە لە ناوەڕۆکەکەیدا ھاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێمان دراوە، بڕیادمان دا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی و ئەندامێکی ئەو بەڕێزانەی کە ناو و ناونیشانیان ھاتووە، بە مەبەستی ھاوبەشی و ھەڵگرتنەوەی پشک لە کۆمپانیای نالیا، لەبڕی ئەو قەرزەی کە لەئەستۆی کۆمپانیای ناوبراودایە".

بە گوێرەی بەڵگەكان، کۆمپانیای نالیا لە بەرامبەر بە وەرگرتنی ئەو قەرزانە، گوندی ئەڵمانیی لە رەھن و بارمتە داناوە، واتا ئەو گوندە کە ئێستا ھاووڵاتییان یەکەکانیان کڕیووە، خاوەنی نین و بەپێی بڕیارێکی حکوومەت ژمارە 149، کە لە رێککەوتی 10/1/2016 دەرچووە، داوای ئەو قەرزانەی کردووەتەوە و ماوەی 30 رۆژی بۆ گەڕانەوەی دیاری کردووە، لەدوای ئەو ماوەیە بە مافی خۆی زانیوە دەست بەسەر رەھنەکانیاندا بگرێت و بیانفرۆشێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژنامەی باس، سەبارەت بە قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایە، خەڵکێکی زۆر کە کاریان لە پرۆژەی(چاڤی لاند) و ھەروەھا بۆ کۆمپانیای نالیا کردووە، کرێی تەواوی خۆیان پێنەدراوە و رۆژانە دەچنە ئۆفیسەکانی ئەو کۆمپانیایە و داوای بڕە پارەکانیان دەکەنەوە، ئەو بڕە پارەیەی ئەو کەسانەش، بە ملیۆنان دۆلار دەخەملنێرێ.

ئەوە جگە لەو خاوەن پشکە زۆرەی کە نزیکەی 10 ھەزار کەس دەبن، کە پشکیان لەو کۆمپانیایە کڕیوە و بە ملیارەھا دیناریان داوەتە ئەو کۆمپانیایە، کە لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بۆ ھەر پشکێک تا ئێستا بڕی 30 ھەزار دیناریان بۆ جارێک و بۆ جارێکی دیکەش بڕی 50 ھەزار دیناریان پێ دراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکان لە سکاڵای ئەو خاوەن پشکانە لە دادگاکانی کوردستان، دەرکەوتووە کە تا ئێستا ئەو خاوەن پشکانە 268 سکاڵایان تۆمار کردووە.

جەمال حەمەڕەشید، پارێزەری خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند)ی گەشتیاری بە باسی راگەیاندووە، لە ماوە رابردوودا چەند داوایەکیان لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردووە، گوتیشی: "سکاڵاکانمان لەلایەن داواکاری گشتییەوە پشتگیری کراون و لە ھەوڵەکانمان بۆ گەڕانەوەی مافی خەڵک بەردەوامین".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدوە، ئەوەندەی ئاگادار بن، نزیکەی 10 ھەزار کەس، کە زۆرینەی خەڵکی سلێمانین، پشکیان لە (چاڤی لاند) کڕیووە، کەمترین پشک یەک ملیۆن دینارە، ھەیە دەیان پشکی کڕیوە، بەڵام ئێستا پشکەکان یەک دینار ناکەن و کاری ئەو پیاوە (کە مەبەستی شاسوار عەبدولواحید بوو)، زۆر ناشەفافە و ھیچ شتێک دیار نییە و ئەو پارە زۆرە خوراوە".

محەمەد عەبدولوەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان  رایگەیاند، لەسەر کۆمپانیای نالیا سکاڵایەکی زۆری خاوەن پشکەکانیان بە دەست گەیشتووە و رۆژانە سکاڵای دیکەیان پێ دەگات، گوتی: "ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوموەن بەنیازین یاداشتێک بدەین بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەو بابەتە پێکبھێنرێتەوە، چونکە تا دێت سکاڵاکان زیاتر دەبن".

ئاماژەی بەوەشدا، دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەلایەن خاوەن پشکەکان دروست بووە، کە ئەو پارانەیان فەوتاوە، گوتی: "ئێمە دڵنیایان دەکەینەوە کە لە حەقی ئەوان خۆش نابین و بەردەوام دەبین بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، لە کەسی قبووڵ ناکەین بەو شێوەیە پارە لە خەڵک وەربگرێت و ھیچ چارەنووسێکی پارەکەیان دیار نەبێت".

لای خۆشیانەوە، سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی، جەختی لەوە دەكاتەوە، کە خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند) سکاڵای زۆریان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەوانیش لە رێگەی خۆیانەوە ئەو سکاڵانەیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرز کردووەتەوە، گوتی: "سکاڵاکان لەسەر ئەو کۆمپانیایە زۆرن و رۆژانە سکاڵای دیکەش دەگەن".

د. عزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێشتر بەدواداچوونی زۆری ھەبووە لەسەر پێشێلکارییەکانی ئەو کۆمپانیایە و خورانی پشکەکانی خاوەن پشکەکان، بۆ ئاشكرای كرد، دۆسیەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە و پەککەوتنی پەرلەمان وەکوو دەزگایەکی چاودێری ھۆکارێکی نەرێنی بووە بۆ نەتوانینی یەکلابوونەوەی ئەو دۆسیانە.

سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت
سەدان سكاڵا لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤیلاند تۆمار دەكرێت