یەكێتی: گۆڕان و كۆمەڵ ئەمەیان پێ خۆش بوو
K24 - سلێمانی
دوای سێ رۆژ لەدوای یهك کۆبوونەوە، جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا فراکسیۆنەکەیان بەشداری یەکەمین كۆبوونهوهی كاراكردنهوهی پەرلەمان نهكات، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەنەکەش دەڵێت، ئهگهر رێكکەوتنی سیاسی نەکرێت و گرەنتی جێبەجێنەکردنی و پاکێجە 7 خاڵیەکەیان پێنەبێت ناگەڕێنەوە پەرلەمان، پارتی و یەكێتی ئاشكرای دەكەن، ئەوان ھێشتا چاوەڕێن بۆ ئەوەی گۆڕان و كۆمەڵ بگەڕێنەوە پەرلەمان.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دەخاتەڕوو كە گۆڕان و كۆمەڵ 7 خاڵەكەی ئەوانیان وەك بنەما بۆ چارەسەری كێشەكان پێ خۆشوو بووە.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیساسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی 7 خاڵەكەی ئێمەیان وەك بنەما پێخۆش بوو، ئێمەش دەمانویست بە بڕیاری سیاسی ئەوان و بەشداربوونیان لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دڵخۆشمان بكەن، بەڵام دیارە ھەندێك بۆچوونی تریشیان ھەیە، ئێمە چاوەڕێیان دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین بە گشتی بۆچوونەكانیان چییە".
ھەر پەیوەست بەو باسەوە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "گۆڕان و كۆمەڵ مەرجیان ھەبوو بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، پێنج مەرجیان دانابوو داوایان دەكرد مەرجەكانیان جێبەجێ بكرێ ئنجا پەرلەمان كارا بكرێتەوە، مەرجەكانیان پێویستی بە كاتە، ھەندێكیان رەنگە كرابێت و ھەندێكی دیكەش بۆچوونی جیاوازمان لەسەری ھەیە".