عه‌بادى : به‌مزووانه فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان ده‌كرێنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: "به‌م زووانه فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به رووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێنه‌وه و له خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش نزیك بووینه‌ته‌وه".
له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی دی ده‌بلیوی عه‌ره‌بی -ئه‌ڵمانی عه‌بادی گووتی: "به‌م زووانه فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به رووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌و دانووستان هه‌یه و ویستوومانه ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادی بگه‌ڕێنینه‌وه فڕۆكه‌خانه‌كان، له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له خه‌رجكردنی نزیك بووینه‌ته‌وه‌و ته‌نها ده‌مانه‌وێت دڵنیابینه‌وه كه پاره‌كه بۆ حزبه‌كان ناڕوات، پرۆسه‌ی وردبینی له لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وامه و كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە هەڵەیەکی مێژووی پێناسە كرد.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نامانەوێت هەمان هەڵەی ساڵی 2011 بکەینه‌وه، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرچوون، دوای چەند مانگێک گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەندێک ناوچە سەریانهەڵدا و دواتریش داعش هات و چەند شارێکی عێراق بەتەواوی کۆنترۆڵکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لە مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق بەردەوامبن و لەڕووی هەواڵگری و لۆجیستیکییەوە پشتگیریان بکرێت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌م قۆناغه زۆر هه‌ستیاره و ده‌بێت ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكرێت كه ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستمان ھێناون له ده‌ست نه‌چن و رۆڵی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش گرنگه و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێینه‌وه دواوه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێویستمان به كاته. ده‌مانه‌وێت ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی له قۆناغی داهاتوو سه‌رنجمان له‌سه‌ر دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بیناكردنه.
هه‌رچه‌نده ئێمه پێویستمان به هێزی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكی نییه، به‌ڵام بۆ راهێنان و پاڵپشتی هێزه ئه‌منییه‌كان پێویستن.
قسه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له كاتێكدایه، به‌شێكی زۆری گرووپه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌وانه بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با و عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق و حزبوڵڵای عێراق، به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه له هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت له‌ژێر هیچ ناوێك‌دا بمێننه‌وه.