"ئه‌وه‌ی به‌ یانه‌ گه‌وره‌ و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان نه‌كرا، ده‌ربه‌ندیخان به‌ خۆبه‌خشانه‌ كردیان"

"پێویسته‌ هه‌موومان له‌ هانده‌رانی ده‌ربه‌ندیخان فێر بین"

مه‌سعوود حه‌سه‌ن

ئەوەی زیاترلەم وەرزە سیمای جوانی بە خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان بەخشیوە ھاندەرانی یانەی دەربەندیخانە، ئەو ھاندەرانەی گەرما و سەرما و ماندووبوون نازانن و بەردەوام پاڵپشتی یانەکەیان دەکەن، ھەر دەستکەوت و ئەنجامێکی باش نیوەی بۆ ھاندەرانی یانەکە دەگەڕێتەوە.

لەو یارییانەی  لە یاریگەی خۆیان ئەنجامی دەدەن، ژن، منداڵ، گەنج، پیر ھەموو پێکەوە لە یاریگە ئامادە دەبن و لەیەکەم خولەکەوە تا کۆتایی ھانی یانەکەیان دەدەن، یاریزانەکانیش کاتێک ئەو جۆش و خرۆشەی ھاندەران دەبینن لە خۆیانەوە گەرم و گوڕ و ئاست بەرزتر دەبن.

ئەو ڕۆژەی دەربەندیخان یاری ھەیە، دەڤەرەکە زیاتر لە کەرنەڤاڵ دەچێ، ھاندەران بەئاڵا و لۆگۆی یانەکە دەستە دەستە بەرەو یاریگە دەچن،  خەڵک لە ناو دەمی شوفڵ سەیری یارییەکان دەکەن، بە سیمی یاریگا ھەڵدەگەڕێن، ئەمانە ھەمووی بۆ دڵسۆزی و  تێگەیشتن لە وەرزش و خۆشەویستی بۆ یانەکەیان دەگەڕێتەوە، جێگەی ستایش و پیاھەڵدانن، کامە یانە وەک دەربەندیخان دەستەیەکی ھاندەرانی دڵسۆزی ھەیە، دەستەیەک پێش ھەموو یارییەکان ئامادەکاری دەکەن، ئەوەی ھاندەرانی یانەکە بۆ یانەی دەربەندیخان دەیکەن، لە بیر و بەرنامەی ھیچ یانەیەکی تردا نییە، کڕینی بلیت بە ئارەزوومەندانەیە بۆ ئەوەی ھاوکاری دارایی بۆ یانەکە کۆبکەنەوە، لەچەند رۆژی رابردوو درێسی یانەکە بەسەر ھاندەران دابەش کراوە و بۆ ئەوەی ھەموو بە درێسی رەنگ شین و سپی یاریگا بڕازێننەوە و یاریگە لە تیپەکانی تر بکەنە دۆزەخ، ئامادەبوونی کچانی درەبەندیخان جوانترین دیمەنی بە خولەکە بەخشیوە، پار ساڵیش بەھۆی ھاندەرانییەوە یانەی دەربەندیخان بۆ خولی نایابی کوردستان سەرکەوت.

تێبینیم کردووە لەو یارییانەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامی دەدەن، چەند ھاندەرێک رێگە دوورەکان دەبڕن و ئامادە دەبن، دڵنیام ئەگەر پاسیان بۆ دابین بکرێت و ھاوکاری دارایی بکرێن ژمارەیەکی زیاتریان لە شارو شارۆچکەکانی تر ئامادە دەبن، تەنیا یەک تێنبیم لەسەریان ھەیە، دەبێت ھەندێ لە ھاندەرانیان خۆیان لە بەکارھێنانی زمانی زبر و جوێندان بەدوور بگرن، چونکە کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی ھاندەرانیان بەگشتی دەبێت.