"فەیاز لە كاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دووردەخرێتەوە"

پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە دەنگ لەسەر 8 وەزیر دەدات

K24- هه‌ولێر:

زیاتر لە 7 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا بەھۆی ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە نەتوانراوە تەواوی کابینەی نوێی حکومەت پێكبھێنرێت.

 بڕیارە سێشەممەی داھاتوو، جارێكی دیكە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر ناوی كاندیدان بۆ 8 پۆستی وەزارەت كۆببێتەوە.

هاوپەیمانێتی سائیروون، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری لەسەر کاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق فالح فەیاز ناكۆكن.

عەباس ئیسماعیلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، بەگوێرەی چەند زانیارییەكی دزەیپێكراو، فەیاز لە كاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دووردەخرێتەوە.

لەبارەی كاندیدی وەزارەتی بەرگریشەوە گوتی، كوتلە سوننییەكان سوورن لەسەر رەتكردنەوەی فەیسەڵ جەڕبا بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، ئەمەش ھەلی ھاشم دەراجی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە زیادكردووە.

12 مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا حکوومەت بە ناتەواوی ماوەتەوە، پەرلەمانیش لە 5 کۆبوونەوەی رابردوودا بۆ دەنگدان لەسەر ئەو 8 وەزارەتەی ماون، شکستیهێناوە و نەیتوانیوە ئەو پرسە تێبپەڕێنێت.