سه‌رۆك بارزانی په‌یامێك ئاراسته‌ی رای گشتی جیهان ده‌كات

سه‌رۆك بارزانی: حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی رای گشتی جیهانی ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی کوردستان

کوردستانیانی دەرەوەی وڵات

ڕای گشتی جیهان

پاش ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە تەعبیری لە ڕای خۆی کرد لە دیاری کردنی چارەنووس، کە مافێکی ئاسایی و سروشتی هەر گەل و نەتەوەیەکە، ئێستا گەلەکەمان کەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابلوقە و سزادانی بە کۆمەڵ. حکومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزکردنی یاسا وا خەریکی سزادانی میللەتێکە کە تەنیا ڕای خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێکی نەکردووە. ئەو سزادانەی کە لە دژی گەلەکەمان هەیە پێشێلکردنی هەموو سنوورەکان و یاسا و دەستوری عێراقە و هاوکات بە گەلەکۆمەکی دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەزۆری چەک و شەڕ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنن و شکۆی گەلەکەمان بشکێنن.  ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار کەس.

لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکەم کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت. چونکە حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەخشیویانە و لە جیاتی هەموو جیهان بەرسینگی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا. بۆیە داوا دەکەم ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارە کردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات.

هەر لێرەدا داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمەریکا دەکەم کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتی کردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چاڵاکی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاری گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا نیشتەجێن کە ئەم شەڕ و ئابلوقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم دەنگی مەزلومییەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیێنن.

مسعود بارزانی

20ی 10ی 2017