سێ كەس دوای 11 رۆژ رفاندنیان لەلایەن گرووپێكی چەكدار لە گەرمیان رزگار كران

ئەو گرووپە تەنھا خورما و ئاویان پێداون

K24 - گەرمیان         

سێ كەس دوای 11 رۆژ رفاندنیان لەلایەن گرووپێكی چەكدار لە گەرمیان رزگار كران. بەگوێرەی زانیارییەكان ھێشتا نەزانراوە ئەو گرووپە داعشن یان گرووپێكی رێگرن لەو ناوچەیە.

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "ئەو سێ كەسە شوفێری بارھەڵگرن و یەكێكیان كوردە و دووی دیكەشیان عەرەبن، ماوەی 11 رۆژ لەلایەن گرووپێكەوە لە گوندی قەواڵ-ی ناوچەی داودە رفێندرابوون، دوێنێ ھێزە ئەمنییەكانی گەرمیان توانیان رزگاریان بكەن".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ئەو سێ كەسە ماوەی 11 رۆژ تەنھا خورما و ئاویان پێدراوە و ھیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەكی دیكەیان نەخواردووە".

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە بە پەیامنێری كوردستان24ی گوت: "ھێشتا نەزانراوە كە ئەو گرووپە داعشن ئەو كەسانەیان رفاندووە، یان گرووپێكی رێگرن لەو سنوورە".

دوای ئەوەی دوێنێ لەدەست ئەو گرووپە رزگاركران، ئەمڕۆ ھەر سێ شوفێرە رفێندراوەكە لە دادگای كفری سكاڵایان تۆمار كردووە.

بڕیاریشە ئەمڕۆ ھێزە ئەمنییەكانی گەرمیان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەبارەی رفاندنی ئەو سێ كەسە بخەنەڕوو.