بۆ یه‌كه‌م جار ئافره‌تێك پۆستی گه‌وره‌ترین فه‌رمانده‌ له‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا وه‌رده‌گرێت

سوپاكه‌ی له‌ زیاتر له‌ 776 هه‌زار سه‌رباز پێكهاتووه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سوپای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، لۆرا جی ریچاردسۆن ئه‌ركی فه‌رمانداری گه‌وره‌ترین هێز "فۆرسكۆم"ـی پێ ده‌درێت، كه‌ گه‌وره‌ترین یه‌كه‌ی سه‌ربازییه‌ له‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ده‌گاته‌ 776 هه‌زار سه‌رباز و 96 مه‌ده‌نی.

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فه‌ریقی یه‌كه‌م رۆبێرت ئه‌برامز و ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا، ریچاردسۆن بۆ ئه‌و پۆسته‌ راسپێردراوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ لۆرا ریچاردسۆن پۆستی باڵای سه‌ربازی وه‌ربگرێت، له‌ ساڵی 2012ـه‌ش، وه‌ك یه‌كه‌م ئافره‌ت پۆستی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی "چه‌كی سوارچاكانی یه‌كه‌م" ناسراو به‌ "فه‌ریقی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا"ـی پێدرا.

سوپای ئه‌مه‌ریكا راشیگه‌یاند، لۆرا كه‌ له‌ ساڵی 1986ـه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی سوپاوه‌ كردووه‌، به‌ر له‌ ئێستاش دوای فه‌ریقی یه‌كه‌م ئه‌برامز له‌ ریزبه‌ندی دووه‌م فه‌رمانده‌ بوو، كه‌ تائێستا وه‌ك جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ "فۆرت پراگ" له‌ ویلایه‌تی كارۆلاینای باكوور له‌سه‌ر كاری سه‌ربازی به‌رده‌وام بووه‌، ئێستاش پۆسته‌كه‌ی بۆ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.

H.B