یه‌كێتی پابه‌ندبوونی خۆی به‌ رێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی دووپات ده‌كاته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆتایی هات

K24 - هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆتاییهات و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیش دووپات له‌ پابه‌ندبوونی ئه‌و حزبه‌ له‌ رێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ رێككه‌وتنێكی گشتگیرتر راگه‌یاندووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، پابه‌ندن به‌ بنەماكانی رێككەوتنی سیاسی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی، كە لە رۆژی (5ی شوباتی 2019)  ئیمزاكراوە و تێیدا بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ "دانانی پارێزگار‌ و ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە" هاوكاتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بێت.

یه‌كێتی ئاماده‌یی خۆیشی بۆ رێككه‌وتنی گشتگیرتر ده‌ربڕیوه‌، كه‌ پرسه‌كانی كوردستان و كه‌ركووك و عێراق وه‌ك یه‌ك پاكێج رێككه‌وتنی سیاسی له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری‌ و هاوبەشی هێزە سیاسیەكانی كوردستان، لەپێناوی بەدیهێنانی "یەكریزی لایەنەكانی كوردستان‌و شەراكەتی راستەقینە".

دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، به‌بێ رێككه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كان و به‌ تایبه‌تیش یه‌كێتی و پارتی، خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان و پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان ناكات.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بەرژەوەندی گەلەكەمان ئەوەمان لێدەخوازێت هەموو لایەنەكان یەكریز‌و یەكدەنگ بن بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەكان‌و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان".