وەزیری دەرەوەی تورکیا سهردانی بەغدا دهكات
K24 - ئیستانبول:
لەسەر بانگهێشتنامهی فەرمی ئیبراهیم جەعفەری، وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا بڕیارە مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سبەی یەکشەممە سەردانی بەغدا بكات.
لەم سەردانەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق و چەند لایەنێکی دیکەی عێراقی دیداری دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت چاوشئۆغلو لەم سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، چەند دۆسیهیەکی گرنگ باس بکات، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک تورکیا و عێراق.
پێشتر وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، کە لەم سەردانەی دا بۆ بەغدا هەوڵدەدات، رۆڵی نێوانگیری لە نێوان هەولێر و ىەغدا ببێنێ و پاش ئەوەی لەو بارهیەوە خواستێکیان پێشگەیشتبوو.
گووتیشی: "داوا لە حکوومەتی تورکیا کراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆڵی نێوانگێری لەنێوان هەردوولا بگێرێ، لە سەردانی داهاتووشمان کە لە 21ی ئەم مانگە بۆ بەغدا ئەنجامی دەدەین ئەو هەوڵە دەدەین".
لای خۆشیەوە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایانگەیاندبوو، کە پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئێستا بە بەراورد لەگەڵ مانگێک لەمەوبەر زۆر باشتر بووە، هاوکات پێشبینی باشتربوونی پەیوەندییەکانیان لەماوەیەکی نزیکی داهاتووشدا دەکەن.
هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەگەر تورکیا رۆڵی نێوانگیری لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بگێڕێ، هەولێر بەم هەنگاوە خۆشحاڵ دەبێ.
میدیاکانی تورکیا تیشکیان خستووهتە سەر پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان بەغدا و ئەنقەرە، ئاماژە بهوه دهكهن، سەرەڕای زێدەبوونی جموجۆڵە دبلۆماسییەکان و باشبوونی پەیوەندییەکان بە بەراورد لەگەڵ پێشوو، بەڵام چەند پرسێک لەنیوان هەردوولا بە هەڵپهسێردراوی ماونەتەوە، ئەوانیش بریتین لە مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و بوونی پەکەکە یە لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی بەغدا و ناوچە سنوورییەکان.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووهتەوە کە حکوومەتی عێراق بەهۆی ئەو فشارەی کە لەلایەن سەرکردە و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی شیعەی نزیک لەئێران لەسەریەتی، دەخوازێ، بە زووترین کات حکوومەتی تورکیا سەربازانی بنکەی بەعشیقە لە عێراق بگوازێتەوە و پاشەکشە بە هێزەکانی بکات.
ئەنقەرەش ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و پێیوایە لە ئێستا دا هەنگاوێکی لەم شێوەیە، زیان بە ئاسایشی تورکیا دەگەیهنێت، چوونکە تورکیا پێیوایە، هەژموونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگای نەینەوا و هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرفراوان دەبێت و مەترسی گەورەش بۆ سەر ناوچەکە و ئاسایشی تورکیا دروست دەکات.
دوای چەند ساڵ لە ئاڵۆزی و ناکۆکی، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ماوەیەکە ئاسایی بووهتەوە، بۆیە بە دوور دەزانرێ لە ژێر فشاری پارتەکانی شیعەی نزیک لە ئێران، حکوومەتی عێراق پرسی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لەعێراق، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاووتوێ بکات.