گۆڕان وەڵامی پارتی و یەكێتی دەداتەوە

خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، وەڵامی كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەی دوێنێی بزووتنەوەكەی و پارتی و یەكێتی بداتەوە.

ئەمڕۆ خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ھەڵسەنگاندنی كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەی دوێنێی ھەریەك لە گۆڕان و پارتی و یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیارە وەڵامی كۆبوونەوەكە بداتەوە و تاوتوێی ئەو خاڵانە بكات كە ئەو سێ لایەنە قسەیان لەسەركردووە و بە باشیان زانیوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ریفراندۆم.

دوێنێ مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەو حەوت خاڵەی کە پارتی و یەکێتی لەسەری رێککەوتوون، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە قبوڵکراون، بەڵام بۆ بڕیاردانی کۆتایی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاونەتەوە سلێمانی لە 24 کاتژمێری داهاتوو بڕیاری کۆتایی خۆیان دەدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە 14 ئەم مانگە پەرلەمان كارابكرێتەوە، پارتی و یەكێتیش لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەكان بەشداری لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەن.