ئافره‌ته‌ ئێزدى و كريستيانه‌ رزگاركراوه‌كان بۆ كوردستان 24 ده‌دوێن

ئه‌مڕۆ له‌ ميانه‌ى ئۆپراسيۆنێكى هێزى پێشمه‌رگه‌دا رزگاركران
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌و پێنج ئافره‌ته‌ ئێزدى و كريستيانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ ميانه‌ى ئۆپراسيۆنێكى هێزى پێشمه‌رگه‌دا رزگاركران بۆ كوردستان 24 ده‌دوێن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە، لە نزیك ناحییەی عیازیەی سەر بە قەزای تەلەعفەر ھێرشێكی داعشی تێكشكاند، لە چالاكییەكی پارتیزانیشدا پێشمەرگە پێنج كچی ئێزدی لە دەستی چەكداری داعش رزگاركرد.

عەمید عزەدین سەعدون، فەرماندە لە ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5 چەكداری داعش ویستیان دزە بكەنە ناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك ناحییەی عیازیەی سەر بە قەزای تەلەعفەر، پێشمەرگە لێیان ھاتنە دەست رووبەڕوویان بوونەوە، دوو چەكداری داعش خۆیان تەقاندەوە و سێی دیكەشیان لەلایەن پێشمەرگە كوژران و تەرمەكانیان لەبەر دەستی پێشمەرگەدایە".

گوتیشی: "لە لایەكی دیكە لە چالاكییەكی پارتیزانیدا ھێزی پێشمەرگە لە گوندی ھەلوم پێنج ئافره‌تى ئێزدى و كريستيانيان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد".

ھەر لەوبارەوە ئاشتی كۆچەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای دیجلە بە كوردستان24ى  گوت: "ئێوارەی دوێنێ لە دوو قۆڵه‌وه‌ چه‌كدارانى داعش كەوتنە بۆسەى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ژمارەیەكیان كوژران، ھەروەھا پێنج ئافره‌تى ئێزدى و كريستيان رزگاركران".

ئافره‌ته‌ رزگاركراوه‌كان له‌ لێدوانيان بۆ كوردستان 24 ئه‌وه‌يان پشتڕاستكرده‌وه‌، كه‌ هێشتا ژماره‌يه‌كى زۆرى كچانى ئێزدى و كريستيان له‌ ده‌ستى چه‌كدارانى داعشدا ماونه‌ته‌وه‌ و ژيانيان له‌ مه‌ترسيدايه‌.