بەغدا: هەولێر به‌ مەرجەکانمان قایل بووە

"فەرمانبەرانی سەر بە ناوەند سەرپەرشتی فڕۆکەخانەکان دەکەن"

K24 - ھەولێر

وتەبێژی حكوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەوە قایل بووە كە حكوومەتی عێراق سەرپەرشتی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان بكات و لیژنە ھونەرییەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی دۆسێی فڕۆكەخانەكان ھەنگاوی باشیان ناوە".

لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سەباح جەدید، سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر سەرپەرشتیكردنی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن فەرمانبەرانی سەربە حكوومەتی فیدڕاڵی قایل بووە".

وتەبێژی حكوومەتی عێراق: "لیژنە ھونەری ھەنگاوی باشییان ناوە بەتایبەت لەبارەی یەكلاكردنەوەی دۆسێی ھەردوو فڕۆكەخانەكە".

 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "حكوومەتی فیدراڵی عێراق بەگوێرەی دەستوور پێویستە دەستەڵاتی بەسەر دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و گومرگەوە ھەبێت".

قسه‌كانی گوته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، هێشتا هیچ به‌رپرسیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی ئه‌و زانیاریانه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌و لێدوانی هاوشێوه‌ی نه‌داوه‌.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە كەناڵێكی دی دەبلیوی ئەڵمانی راگەیاندبوو "كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستان نزیكبووە و لەسەر ھەموو كێشەكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەگەین بە چارەسەر".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، حكوومەتی عێراق بە بڕیاری عەبادی گەمارۆی خستەسەر خەڵكی كوردستان و فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانی ئێران بە رووی خەڵكی كوردستان داخران.

ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، لە 25/9/2017 لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بە رێژەی زیاتر لە 92%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بۆ جیابوونەوە و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا.

H.M