گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق مه‌ترسی له‌سه‌ر حكومه‌ت درووست ده‌كه‌ن

"گروپه‌ میلیشیاكانی عێراق ده‌توانن شكست به‌ حكومه‌ت بهێنن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

گرووپە چەكدارە ناڕێكخراوەكانی عێراق كه‌ به‌ یاسا به‌شێكیان له‌ژێر چه‌تری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كۆكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام فه‌رمان له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان وه‌رده‌گرن، بوونەتە مەترسی بۆ سەر كابینە جیاوازەكانی حكومەتی عێراق.

له‌مباره‌شه‌وه‌ عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، چاودێری سیاسی ئه‌و گرووپە چەكدارانه‌ بە حكومەتی ناو حكومەت دەزانێت و پێیوایە، ھەركات بیانەوێ دەتوانن شكست بە كابینە وزارییەكانی حكومەت بێنن، چونكە وه‌ك دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ئەوان راستەوخۆ لەژێر فەرمانی لایەنە سیاسی و مەزھەبییەكاندان، ھەرچەندە بەشێكیان بەپێی یاسای لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكاندان.

هاوكات سه‌عید هه‌ركی، ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەدات، ھێزە چەكدارەكان ڕۆڵێكی نەرێنیان لە رووداوەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی عێراقدا ھەبووە، پێشبینیش دەكات، لەسەر كابینەی نوێی حكومەتی عێراقیش كاریگەری نەرێنیان ھەبێت.

لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكانی عێراق گرووپە چەكدارەكان بە كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتباركران، ئەمە لەكاتێكدایە، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق ڕەتی دەكردەوە كە فەرمانی تەقەكردنی دابێت، ئەمەش ئه‌و بۆچوونە پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، كە گرووپە چەكدارە نا ڕێكخراوەكان ھەندێك جار لە سەرووی حكومەتیشەوەن.

H.B