ئاسایشی هه‌ولێر: تەنھا هێزه‌كانمان لە گرتنی بكوژی خانه‌واده‌ كورده‌كه‌ی شاری به‌غدا بەشداربوون

"ھیچ ھێزێكی دیكە عێراقی لەو كارەدا بەشدار نەبووە"

K24 – ھەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر به‌ ته‌نها توانیویانه‌ زانیاری له‌سه‌ر بكوژی خانه‌واده‌ كورده‌كه‌ی شاری به‌غدا كۆبكه‌نه‌وه ‌و پاشان ده‌ستگیری بكه‌ن، ره‌تیشیكرده‌وه‌ هیچ ده‌زگایه‌كی دیكه‌ی هه‌واڵگری هاوكار و به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بووبێت.

تارق نووری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر گوتی: سەرچاوەكانمان زانیارییان بە ئیمەدا و ھیچ ھێزێكی دیكەی عێراقی لەو كارەدا بەشدار نەبووە.

گوتیشی: وەك تاوانبارەكە خۆی لە دانپێدانانەكه‌یدا ئاشكرایكردووە، تەنھا یەك كەس بووە و بەتەنھا تاوانەكەی ئەنجامداوە، ھەر خۆیشی رایكردووە بەرەو ھەولێر و ویستوویەتی بەرەو دەرەوەی وڵات بڕوات، بەڵام ھێزەكانی ئاساییش نەیانھێشت ھەوڵەكانی بۆ دەرەوەی وڵات سه‌ربگرێت و زوو دەستگیریانكرد.