كۆرۆنا بازاڕی زێڕ دەشێوێنێ

كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر كڕین و فرۆشتنی زێڕ
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

ھەر چەندە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بازاڕی زێڕ لە شاری دھۆك سستبووە و كاریگەری كردووەتە سەر كڕین و فرۆشتنی زێڕ.

بەگوتەی بەشێك لە زێڕینگرانی پارێزگای دھۆك، ئەمساڵ خراپترین ساڵبووە بۆ بازاڕی زێڕ و خەڵك كڕین و فرۆشتنی راگرتووە.

موسلیح ئەیمەن،  یەكێكە لە زێڕینگرەكانی دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "چاوەڕێمان دەكرد ئەمساڵ بازاڕی زێڕ لە ساڵانی دیكە باشتر بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمساڵ خراپترین ساڵە بۆ بازاڕی زێڕ، ھەندێك لە ھاووڵاتییان زێڕەكانیان دەفرۆشن، چونكە نرخی بەرزبووەتەوە، بەڵام كڕین زۆر كەمە".

زێڕینگرێكی دیكە بەناوی نەشوان دێوالی، دەڵێ: "سستبوونی بازاڕی زێڕ بۆ دوو ھۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان بەرزبوونەوەی نرخە و دووەمشیان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە جیھان، كە بە تەواوی بازاڕی شێواندووە".

لەوبارەوە شێخ عەبدولسەلام، سەروکی سەندیکای زێڕینگران لە دھۆك بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆرۆنا ئیش و كاری خەڵكی لە جیھان راگرتووە، كاتێك كە خەڵك ئیش نەكات و پارەی نەبێت، زێڕیش ناكڕێت، بە گشتی ئێستا زۆر كەم كڕین و فرۆشتن بە زێڕ دەكرێت".

ھ.م