نیاز خراپی بەغدا بەرامبەر ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەبێت

"خەڵك نەفرەت لە حكومەتێك دەكات، قووتی خەڵك بكاتە بابەتێكی سیاسی"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەغدا بەردەوامە لە دۆزینەوەی بیانوو بۆ ھەرێمی كوردستان و تا ئێستا ھیچ كام لەو داوایانەی كوردی جێبەجێ نەكردووە، كە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە و دۆخی ھەرێمی كوردستان پێشكەش بە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كراوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش رایدەگەیەنێت، بەغدا بەرامبەر ھەرێمی كوردستان نیازی خراپە.

موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بەغدا دەیەوێت بە زۆرەملێ یاساییەكی نادادپەروەرانە، كە برسیكردنی خەڵكی كوردستانی لێكەوتووەتەوە لە پەرلەمان تێیپەڕێنێ، وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان تا پێمان بكرێت رێگری لە تێپەڕاندنی دەكەین و بەردەوام دەبین لە فشارەكانمان".

گوتیشی: "حكومەتی عێرق و لانە عێراقییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، ھیچ مەرجێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ جێگیركردنی مافەكانی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بە ھەند وەرنەگرتووە، نایانەوێت داخوازییەكانمان جێبەجێ بكەن و رێز لە رێككەوتنی سیاسی ناگرن، یەكشەمەی داھاتوو ئەگەڕێینەوە بەغدا و جارێكی دیكە ھەوڵدەدەین بە رێككەوتن كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر ھەرنەكرا، لەنێو پەرلەمانی عێراق كاردانەوەمان دەبێت"

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە عەبادیم گوت، خەڵكی كوردستان ئومێدی ھەبوو كە كێشەكانیان چارەسەربكەن، بەڵام ئەگەر چەند رۆژێكی دیكە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەنێرن، خەڵكی كوردستان نەفرەت لە حكومەتێك دەكات، قووتی خەڵك بكاتە بابەتێكی سیاسی، ئێمەش ئامادەنین دەنگ بە تۆ بدەینەوە جارێكی دیكە ببیتەوە سەرۆك وەزیران".

موسەنا ئەمین، ئەوەشی خستەڕوو: "ھیچ لیستێكی مووچە لە عێراق شەفاف نییە، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیكات بیانوو و خۆدزینەوەیە لە راستییەكان و سزادانی میللەتی كوردە بە بیانووی ریفراندۆم، بۆ سەندنەوەی ھەموو ماف و دەستكەوتەكان لە ھەرێمی كوردستان، بەغدا نیاز پاك نییە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان و زۆربەیان بەخیلی پێدەبەن، كە داوای مافەكانی كورد دەكەین، ھەندێكیان وادەزانن لە جەرگ و دڵیان دەبڕیت".