سەیرانکردن پێنج سوودی گرنگی هەیە

لەبەر چەند سوودێک پێویستە سەیران زیاتر بکەین

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و وەرزی گەشت و سەیرانکردن، هاووڵاتیان زیاتر روو لە سەیرانگاکان دەکەن و کاتەکانیان لەناو سروشتدا بەسەر دەبەن، ئەمەش سوودی تایبەتی خۆی هەیە.

سروشت و هەناسەی نوێ

هەوایەکی خاوێن و دیمەنی سروشتی و جوان، دەروونی مرۆڤ باشتر دەکەن و سەیرانکردن هەستی نوێبوونەوەمان پێدەبخشێت. هەروەها، سوودی بۆ ئەو کەسانە زۆرە کە کێشەی هەناسە و سییەکانیان هەیە.

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خێزان

سەیران لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر و تووندووتۆڵتر دەکات. ئەمەش بەوەی کاتێکی جیاواز و دوور لە جەنجاڵی و رۆتینی رۆژانە پێکەوە بەسەر دەبەن. ئەمە سوودە زیاتر لە منداڵاندا رەنگ دەداتەوە.

خواردنی تەندروست

زۆرجار ئەو خواردنانەی لە سەیرانەکان دەخورێن، بەرهەمی ناوماڵ و خۆماڵین، ئەمەش پشوویەک بەو کەسانە دەبەخشێت، کە خواردنی رۆژانەیان ناتەندروستە و خواردنە خێراکانن.

وەرزشکردن

یاریکردن و چوونە سەر شاخ و چەند وەرزشێکی دیکە لە سەیرانکردن، سوودی تەندروستی زۆری هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانە زۆر دەچنە سەیران و چالاکی وەرزشی ئەنجام دەدەن. هەروەها بڕی ئەو کالۆرییەی لە سەیرانکردن دەیسوتێنین، کەمتر نییە لە هۆڵەکانی لەشجوانی.

بەهێزبوونی ئێسک

ڤیتامین دی یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگەکان و دەکرێت لە رێگای تیشکی خۆرەوە وەربگیرێت. لە دوای تەواوبوونی وەرزی زستان و هاتنی بەهار، خۆر بەتینتر دەبێت.

ئەو کەسانە روو لە سەیراناگاکان دەکەن، تەواوی رۆژەکە خۆر لێیان دەدات و بەمەش بڕی پێویستی ڤیتامین دی دەستەبەر دەکەن کە سوودی زۆری بۆ پتەویی ئێسک هەیە.

Health Fitness Revolution

H.J