یەكێتی ئەمجارەش داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكاتەوە

پارتی: ھێشتا زووە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەكەی ئەمجارەش داوای پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق دەکاتەوە، لێپرسراوی پەیوەندییە نیشتیمانیەکانی پارتیش پێی وایە جارێ زووە باسی دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت، دەشڵێت، تا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رانەگەیەندرێت بەرچاومان بۆ وەرگرتنی پۆستەکان روون نابێت.

سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئێستا سەرقاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردنن، ئەوان جیاواز لە سوننە و شیعە جارێ خۆیان لە باسکردنی پۆستەکانی داھاتووی عێراق، بێدەنگ کردووە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بێ ئەوەی ھیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردبێت، ئەمجارەش پۆستی سەرۆك کۆمار بە مافی خۆی دەزانێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ھەڵبژاردن كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر ھەرسێ پۆستی سەرۆكایەتی و پێنج وەزارەتە سەرەوەرییەكانی (سیادییەكان)ی عێراق گفتوگۆ دەكات، ئێمە پێمانوایە سەرۆك كۆمار دەبێ بۆ كورد بێت لە كوردیش ئەگەر بشێت بۆ یەكێتی بێت".

پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە خاوەنی زۆرترین کورسی ھێزە کوردستانیەکانە، لە پەرلەمانی عێراق، جارێ نایەوێ قسە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکانی دوای ھەڵبژاردن بکات، ئەندامێكی سەرکردایەتی حزبەکەش دەڵێت، پارتی چاوەرێیە بزانێت ئایا پۆستەکان بە دەستووری دابەش دەکرێن، یانیش وەکو پێشتر حکوومەتی زۆرینە و کەمینە پێکدەھێندرێت.

عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێستا دوو ئاراستە لە عێراق ھەیە بۆ پێكھێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، ئاراستەیەك لەگەڵ حكوومەتی زۆرینەیە، كە نا ئارامی لە عێراق دروست دەكات، ئاراستەیەكی دیكە لەگەڵ حكوومەتی تەوافقییە، ئێمەش چاوەڕوانین، بۆ ئەوەی بزانین لەسەر چی رێك دەكەوین، ھەروەھا دەبێ لەنێوخۆمان لە ھەرێمی كوردستان نێوماڵی خۆمان یەكخەین".

لە چەند رۆژی رابردوو سوونە و شیعە ھەر یەکە و بە جیا، لەنێو خۆیاندا بۆ ئەوە کۆبوونەتەوە، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێکبکەون، بەشێوەیەك پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوونە، لە کاتێکدا ھیچ کۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان ئەنجامنەدراوە و ھیچ لایەنێکیش پێشنیاری کۆبوونەوەی لەو شێوەیەی نەکردووە.

ھ.م