نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماكرۆن پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمانویڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقییان تاووتوێكرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20/10/2018 ئه‌نجام درا، نێچیرڤان بارزانی و ئیمانویڵ ماكرۆن، باسیان له‌ دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و دامه‌زراندنى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، ماكرۆن جه‌ختى له‌ پێویستیى به‌شداریى هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و به‌تایبه‌تى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و دامه‌زراندنى حكوومه‌تى عێراقیدا كرده‌وه‌.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، نێچیرڤان بارزانى سوپاسى بایه‌خدان و پشتگیریى هه‌میشه‌يى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆنى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و دامه‌زراندنى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراقدا به‌شدار ده‌بێت.

نێچیرڤان بارزانی هیواشی خواست په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ  هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌وام بن.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و ستایشی ماکرۆنیشى کرد که‌ دوای رووداوه‌کانی ئۆکتۆبه‌ری پارساڵ رۆڵێکی گه‌وره‌ی گێڕا له‌ ئارامکرنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ و ده‌سپێکردنی دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و شکاندنی ئابڵۆقه‌کان له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

ئ. م