زورفی: دەستبەرداری حکومەت نابم

کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات

K24 - ھەولێر

عەدنان زورفی رەتیدەکاتەوە دەست لە پێکهێنانی حکومەت هەڵبگرێت و کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، عەدنان زورفی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پێکهێنانی حکومەت نابێت و ئەمڕۆش کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات و داواش دەکات، کۆبوونەوەیەک بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی رێكبخرێت.

زورفی، جەختی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کردەوە، کە شەرعیەتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتبێت و وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی شەقامی عێراقی بێت، کاریش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دۆخی ئابووری و سەروەری یاسا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هاوسەنگی لە پەیوەندیییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.